پسپۆڕێکی پێست لە ئەمریکا: ڤاسلین بۆ زیپکە بەکارنەهێندرێت

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی پێست و جوانکاری لە ئەمریکا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان لەبارەی بەکارهێنانی کرێمی ڤاسلین و رایدەگەیێنێت، نابێت کرێمەکە بەمەبەستی چارەسەرکردنی زیپکە بەکاربێت، چونکە چەورە و دەبێتەهۆی کۆبوونەوەی چەوری و دروستبوونی زیپکە. 
 
لەبارەی بەکارهێنانی کرێمی ڤاسلین دکتۆر تێد لەین روونیدەکاتەوە، کرێمەکە بۆ نەرمکردنەوە و چەورکردنی پێست بەکاردێت، هاوکات زۆرینەی پزیشکانی پێست بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی ئەکزیماش بەکاری دەهێنن، هەروەها دەڵێت: هەرچەندە کرێمەکە سووربوونەوەی پێست ناهێڵێت، بەڵام  کرێمێکی چەورە و نابێت بدرێت لە شوێنی زیپکە، چونکە کونیلەکانی پێست دەگرێت و دەشێت ببێتەهۆی دروستبوونی زیپکەی زیاتر.
 
دکتۆر تێد لەین، پسپۆڕی پێست و جوانکاری لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا هۆکارەکانی دروستبوونی زیپکە باسدەکات و دەڵێت: 'دەرمان، دڵەڕاوکێ، گوشاری دەروونی، بۆماوە، هەڵەبەکارهێنانی کرێم و ماکیاژ، ناهاوسەنگیی هۆرمۆنەکان و هەوکردن' هۆکارن بۆ دروستبوونی زیپکە. 
 
پسپۆڕەکەی پێست و جوانکاری سەبارەت بە دەرمانەکانی چارەسەری زیپکە دەڵێت: دیاریکردنی جۆری دەرمان بەگوێرەی کاریگەریی دەرمانەکە، تەمەنی کەسەکە و جۆری زیپکەکە دەگۆڕێت، بەجۆرێک ئەو دەرمانەی بۆ زیپکەی گەنجان گونجاوە جیاوازە لەگەڵ ئەو دەرمانەی بۆ زیپکەی مێردمنداڵان بەکاردێت. 
 
لە کۆتاییدا دکتۆر تێد لەین ئاماژە بە بەکارهێنانی دەرمانە ستیڕۆیدییەکان و ئایزۆتریتینۆید دەکات و هۆشداری دەدات، بەهیچ جۆرێک بەبێ راوێژی پزیشک چارەخواز بەکاریان نەهێنێت، چونکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەندامەکانی جەستەیان دروستدەکات و هەڵەبەکارهێنانیان دەشێت نەخۆشیی دریژخایەنی پێست دروست بکەن.
 
بەگوتەی دکتۆر تێد، چاکبوونەوە و بینینی ئەنجامی دەرمانەکانی پێست ماوەیەک دەخایەنێت و پێویستە چارەخواز نزیکەی شەش بۆ هەشت مانگ چاوەڕیێ دەرئەنجامەکانی چارەسەرییەکە بکات. 
 
دامەزراوەی ئەکادیمی ئەمریکی پێست رایدەگەیێنێت، مەبەستی سەرەکیی لە بەکارهێنانی کرێمی ڤاسلین بۆ شێدارکردنەوەی پێستە، هاوکات دەتواندرێت لەکاتی لابردنی ماکیاژیشدا بەکاربهێندرێت و بەگوێرەی دامەزراوەکە بۆ چاکبوونەوەی شوێنی برین و کەمکردنەوەی نیشانەی هەوکردنەکانیش بەکاردێت.