پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ هۆکارەکانی هەڵەخوێندنەوەی ئامێرەکانی پەستانی خوێن ئاشکرادەکات

19-01-2023
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لیژنەی لانسێتی پزیشکی بۆ پەستانی خوێن رایدەگەیێنێت، 20٪ تاوەکو 45٪ـی خوێندنەوەی پەستانی خوێن هەڵەی تێدادەکرێت، پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵیش دەڵێت، 'قسەکردن، شێوازی دانیشتن و رەفتارەکانی پێش پێوانەکردن' کاریگەری لەسەر خوێندنەوەی ئەنجامی ئامێرەکانی پەستانی خوێن دروست دەکەن.
 
دکتۆر گریگۆری وازنیاک، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکیی ئەمریکی و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ دەڵێت: کوالێتی ئامێرەکان و  مەرجەکانی پێش پێوانەکردنی پەستانی خوێن گۆڕانکاری لە رێژەکاندا دروست دەکەن و پێویستە بەگوێرەی رێنوێنییە جیهانییەکان پێوانەکە ئەنجامبدرێت.
 
دکتۆر گریگۆری وازنیاک روونیدەکاتەوە، 'خواردنی ژەمی خۆراک، خواردنەوە گازی و وزەبەخشەکان، هەروەها کێشانی جگەرە و نێرگەلە' پێش پێوانەکردنی پەستانی خوێن دەشێت ئەنجامێکی هەڵە لە پێوانەکردندا بدەن بەدەستەوە، بەجۆرێک دەبێت کەسەکە 30 خولەک پێش پێوانەکردنەکە بەدووربێت لێیان، هەروەها دەڵێت: پێش پێوانەکردنی پەستانی خوێن دەبێت میزڵدان بەتاڵ بکرێتەوە. 
 
لەبارەی پێوانەکردنی پەستانی خوێن دوای وەرزش و چالاکییە جەستەییەکان، گریگۆری وازنیاک پێشنیازدەکات، 30 خولەک پێش پێوانەکردنی پەستانی خوێن هیچ چالاکییەکی جەستەیی نەکرێت و کەسەکە لەشوێنێکی کراوەدا دابنیشێت. 
 
پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی دڵ چەند هەڵەیەک لەکاتی پێوانەکردنی پەستانی خوێندا ئاشکرادەکات و دەڵێت: ''دانانی باسک لەخوار ئاستی دڵ، قاچ خستنە سەر قاچ، قسەکردن و تووند بەستنی بەستەری ئامێرەکان دەشێت پەستانی خوێن بەرزبکەنەوە.''
 
لە کۆتاییدا دکتۆر گریگۆری وازنیاک باسی کوالێتی ئامێرەکان دەکات و دەڵێت: ''ئەو ئامێرانەی مادەی جیوەیان تێدایە جێگیرتر و وردترن لە خوێندنەوە، هەروەها ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی پەستانی خوێن پێویستە وردییان بپشکێندرێت ئینجا بەکاربهێندرێن،'' دکتۆرەکە پێشنیازدەکات، ئەگەر مەرجەکانی پێوانەکردنی پەستانی خوێن جێبەجێبکرێن ئەوا ئامێرەکان پێوانەیەکی دروستی پەستانی خوێن دەدەن بەدەستەوە.
 
بە گوێرەی دامەزراوەی دڵ لە ئەمریکا، ناڕێکیی پەستانی خوێن یەکێکە لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست بە رێگەیەکی سەرەکی بۆ پێشگیریکردن لە بەرزیی پەستانی خوێن دادەنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە