یەکێتی ئەورووپا 44.4 ملیۆن دۆلار بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی لە رواندا تەرخاندەکات
رووداو - تەندروستی
باڵیۆزی یەکێتی ئەورووپا لە رواندا رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 44 ملیۆن دۆلار بۆ گرنگیدان بە بەرهەمهێنانی دەرمانی نێوخۆیی و باشتر دەستڕاگەیشتن بە بەرهەمە تەندروستییەکان بۆ رواندا دابیندەکرێت.
بێڵین کالڤۆ، باڵیۆزی یەکێتی ئەورووپا لە رواندا ئاماژە بەوەدەکات، ئامانج لە تەرخانکردنی ئەم پارەیە بۆ رواندا پێشخستنی کەرتی تەندروستییە بە دروستکردنی کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمان، باشکردنی چاودێریی تەندروستی و گرنگیدان بە توێژینەوە زانستییەکان.
بێڵین کالڤۆ، باڵیۆزی یەکێتی ئەورووپا لە رواندا دەڵێت، "ئەم پڕۆژانە پاڵپشتی رواندا دەکەن بۆ بوون بە ناوەندێکی ناوچەیی پیشەسازیی دەرمان و بایۆتەکنەلۆژیا، هەروەها بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان و ڤاکسینی نێوخۆیی''.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی رواندا، حکومەتی رواندا ئامادەیە بۆ دروستکردنی ناوەندێکی بەرهەمهێنانی دەرمان بۆ ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بە بەرهەمە تەندروستییەکان لە نێوخۆی رواندا و لە سەرانسەری ئەفریقا.