فیفا و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەڵمەتێکی هۆشیاری بۆ یاریزانان رادەگەیێنن

18-09-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ''فیفا'' بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ''WHO'' هەڵمەتێکیان بۆ هۆشیاری و خزمەتکردنی وەرزشڤانان راگەیاند تاوەکو لێکەوتی زەبر و پێکانەکانی سەر و مێشکیان لەسەر کەمببێتەوە.
 
هەڵمەتەکە بە ناونیشانی ''هیچ یارییەک شایەنی مەترسیی نییە'' دەستپێدەکات و چەندین راهێنەر، پزیشک و رێنوێنیکاری تەندروستی بەسەر یانە و تیپە وەرزشییەکانی جیهاندا دابەشدەبن، بۆ ئەوەی رێنوێنیی و روونکردنەوەی خۆیان لەبارەی 'پێکانەکانی مێشک و سەر' بەتایبەت 'هەژانی مێشك' بە راهێنەر و یاریزانانی یانەکان بدەن.
 
بە گوتەی نوێنەری WHO، جەختی سەرەکیی لە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ نیشانەکانی دوای 72 کاژێر لە پێکانەکان دەکەنەوە، تاوەکو بە باشترین شێوە مامەڵە لەگەڵ پێکانی یاریزانەکەدا بکەن و بە زووترین کات بیخەنەوە نێو یاری.
 
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای دەکات، هەژانی مێشک کە ناسراوە بە Concussion کێشەیەکی جیدیی نێو یاریزانانە و پێویستە هۆشیاریی زیاتری لەسەر بڵاوبکرێتەوە.
 
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان دەڵێت: هەژانی مێشک کە باوترین پێکانی سەرە لەنێو یاریزاناندا بڵاوە و باشترین رێگەی مامەڵەکردنیش ئەوەیە کە نیشانەکانی بزاندرێت.
 
تەنانەت ئینفانتینۆ دەشڵێت: ''یاریکردن دەبێت هەمووکات و لە هەموو شوێنێک چێژبەخش و سەلامەت بێت، هەر بۆیە ئەگەر پێکانیش روویدا ئەوا باشترە کە هەمیشە رێگەی دروستی چارەسەر بگیرێتەبەر بەتایبەت پێکانەکانی سەر''.
 
بەپێی WHO ئەمانەی خوارەوە نیشانەکانی هەژانی مێشکن کە دەشێت لە 72 کاژێری یەکەمی پێکانەکە تووشی یاریزانەکە ببن؛
 
- سەرئێشە
- رشانەوە و هێڵنجان
-  نەمانی هاوسەنگی
- سەرسووڕان
- ناڕێکیی رۆیشتن
- لێڵبوونی بینایی
- هەستیاری بە رووناکی
- لەبیرچوونەوە
- وڕێنەکردن
- نەمانی تەرکیز
- خەوزڕان و کەمخەوی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە