پسپۆڕێکی دەرمانسازی: 60٪ـی بەکتریاکانی نێو نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەرمان کاریان تێناکات

18-09-2024
شکار رێبوار
دکتۆر یونس سدیق، پسپۆڕی دەرمانسازیی کلینیکی.
دکتۆر یونس سدیق، پسپۆڕی دەرمانسازیی کلینیکی.
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی دەرمانسازیی کلینیکی و نوێنەری عێراق لە فیدراسیۆنی دەرمانسازیی جیهانی بۆ بەرگریی دژەزیندەییەکان دەڵێت: ''لە هەرێمی کوردستان پێویستە یاسایەکی بەهێز هەبێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی فرۆشتن و پێدانی دەرمانی دژەبەکتریاکان بە نەخۆش، ئەگەرنا کارەسات دروستدەبێت''.
 
توێژینەوەیەکی جیهانی ئاشكرای دەکات، تاوەکو 2050 زیاتر لە 39 ملیۆن کەس بە بەهێزبوونی بەکتریاکان گیانلەدەستدەدەن، لەم بارەیەوە دکتۆر یونس سدیق، پسپۆڕی دەرمانسازیی کلینیکی و نوێنەری عێراق لە فیدراسیۆنی دەرمانسازیی جیهانیی بۆ بەرگریی دژەزیندەییەکان بە رووداوی راگەیاند، 60٪ـی ئەو بەکتریایانەی لەنێو نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان هەن، بەرگرییان دژی دەرمانەکان هەیە.
 
دکتۆر یونس سدیق دەڵێت: ئەگەر هۆکاری نەخۆشییەکە بەرگریی دژە دەرمانەکانەکان دروستکردبێت، ئەوا نەخۆشەکە چاک نابێتەوە و بگرە هۆکاری نەخۆشییەکانیش زیاتر دەکات، بەمەش پەککەوتنی ئەندامەکان و ژەهراویبوونی بەدوادادێت و دەشێت کەسەکە گیانلەدەستبدات.
 
تەنانەت باسی ئەوەشدەکات کە ئەگەر بەبێ پێویست و بێسنوور دژەبەکتریاکان بەکاربێن، ئەوا دەشێت بەهۆی بەهێزبوونی بەکتریاکانەوە، هەوکردنێکی ئاسایی ببیتەهۆی گیانلەدەستدان.
 
دکتۆر یونس سدیق ئاماژە بە ئامارەکانی عێراق دەکات بۆ کێشەکە و گوتی، ''بە چوارەم هۆکاری گیانلەدەستدان دادەنرێت''.
 
ئەو پسپۆڕە ئەم پێشنیازانەی خوارەوە بۆ پێشگیری لە زیادبوونی بەرگریی دژەزیندەیییەکان و بەهێزبوونی بەکتریاکان دەخاتەڕوو؛
 
- پزیشکان بەبێ پشتڕاستکردنەوەی تاقیگەیی بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری نەخۆشییەکان، هیچ دەرمانێک نەنووسن.
- یاسایەکی بەهێز هەبێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی فرۆشتن و پێدانی دەرمانی دژەبەکتریاکان بە نەخۆش.
- بەبێ رەچەتەی پزیشک دەرمانە دژەبەکتریاکان نەدرێن بە نەخۆش.
- بایەخدان بە دەستشۆردنی بەردەوام.
- بایەخدان بە کوتانەکان لەکاتی خۆیاندا.
- لەلایەن حکومەتەوە دەرمانە نوێیەکانی دژەبەکتریاکان دابینبرێن، چونکە بەکتریاکان بەرگرییان بۆ ئەو دەرمانانە نییە.

لە یەکەمین دیداری دکتۆر ئاراس لە دهۆک، باسی چارەسەری ئەو کێشە جیهانییە و پێشگیریکردن لێی کرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە