وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان: هەموو سکچوونێکی تووند بە کۆلێرا دەزانین

18-09-2023
نازەنین گۆران
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان. وێنە: رووداو
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان. وێنە: رووداو
نیشانەکردن سکچوون و رشانەوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو سکچوونێک کە دەچێتە نەخۆشخانەکان، 20%یان رەوانەی پشکنینی کۆلێرا دەکەن و هەموو سکچوونێکی تووند بە کۆلێرا دەزانن. داوا لە هاووڵاتییانیش دەکات، لەکاتی تووشبوون بە سکچوون بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.
 
رۆژی دووشەممە 18-09-2023 د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە دوو هەفتەی رابردوودا تیمەکانی چاودێری و پەتازانی سەردانی مەیدانیی چەندین شوێنیان کردووە و راپۆرتێکیان بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە کردووە، تێیدا ئاماژە بە هەندێک رێکاری کورتخایەن و درێژخایەن کراوە بۆئەوەی بگیرێنەبەر و رۆڵیان هەبێت لە کەمکردنەوەی نەخۆشییەکە، کە تایبەتن بە سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە و پڕۆژرەکانی ئاو بەگشتی."
 
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییز و سەرما؛ کۆلێرا نامێنێت، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە کۆلێرا بە تەواوی لە کوردستان و عێراق نامێنێت، چونکە ئەوەی ئێستا هەیە بەکتریای چەندین ساڵی رابردووە."
 
لەبارەی ژمارەی تووشبوان، د. سامان بەرزنجی دەڵێت، "هەموو سکچوونێک کە دێتە نەخۆشخانەکان 20%یان رەوانەی پشکنینی کۆلێرا دەکەین. ژمارەیەکی زیاتریش لەنێو کۆمەڵگەدا هەن، هەموو سکچوونێکی تووند بە کۆلێرا دەزانین و هەمان رێوشوێن دەگرینەبەر و هەمان مامەڵەی لەگەڵ دەکەین."
 
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات، لەنێو ماڵەکانی خۆیاندا دڵنیابن لە سەرچاوەی ئاوەکەیان، ئینجا بەکاریبهێنن، کە تووشی سکچوونی تووندیش بوون راستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانە بکەن، "چونکە ئەگەر سکچوون تووندبوو و سەردانی نەخۆشخانەی نەکرد، ئەوە لەکارکەوتنی گورچیلەی لێ دروست دەبێت و پێویستی بە چاودێریی چڕ دەبێت."
 
کۆلێرا نەخۆشییەکی بەکتریاییە و دەبێتە هۆی سکچوون و وشکبوونەوەی تووند، ئەگەر چارەسەرنەکرێت، دەتوانێت نەخۆشەکە لە ماوەی چەند کاژێرێکدا بکوژێت.
 
نەخۆشییەکە، کە سەرچاوەکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ دەلتاکانی رووباری گانگی هیندستان، لە سەدەی 19 دەستی بە بڵاوبوونەوە کرد و ئێستا لە چەند ناوچەیەکیش بە پەتا هەژماردەکرێت، بە دیاریکراویش لە ئەفریقا، ئاسیا و ئەمریکای لاتین.
 
نەخۆشییەکە لە رێگەی خواردنەوەی ئاو یان خواردنی خۆراکی پیسبوو بە بەکتریای کۆلێرا دەگوازرێتەوە. ماوەی نێوان توشبوون بە بەکتریاکە و دەرکەوتنی نیشانەکانی 12 کاژێر تاوەکو پێنج رۆژە؛ نەخۆشییەکە بە خێرایی دەگوازرێتەوە.
 
لە 27ـی ئابەوە سکچوون و رشانەوە لە هەرێمی کوردستان بڵاوبووتەوە، سەرەتا لە سلێمانی و دواتر گەرمیان، پاشان لە شارەکانی دیکەش بڵاوبووەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.