پسپۆڕێك: قەبارەی جگەری بەخشەر دوای دوو مانگ نزیکەی قەبارەی خۆی گەوردەبێتەوە


رووداو- هەولێر

راوێژکار و پسپۆڕێكی نەشتەرگەری چاندنی ئەندامەکان رایدەگەیێنێت نەشتەرگەریی چاندنی جگەر ئاڵۆز و پڕ سەختییە، دەڵێت ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە دوای نەشتەرگەرییەکە جگەری وەرگر و بەخشەر دەتوانن قەبارەیان زیادبکاتەوە و لەماوەی نزیکەی دوو مانگدا قەبارەی جگەری بەخشەر ٨٠٪ی قەبارەی ئاسایی وەردەگرێتەوە.


بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراسە، پڕە لە گوشار و حاڵەتی جیاواز، لەنێو بەرنامەکە دوو برا نەشتەرگەرییەکی گەورە و مەترسیداریان بۆ دەکرێت، برایەک بەشێكی جگەری خۆی بە براکەی دیکەی دەبەخشێت، ئەمەش چونکە برا وەرگرەکە بەهۆی نەخۆشییەکی سیستەمی بەرگرییەوە تووشی پەککەوتنی جگەر بووە، برا نەخۆشەکە بە رووخساری پزیشكی پسپۆڕ هێندراوەتە نێو ستۆدیۆی دکتۆر ئاراس، بەڕوونی نەخۆشییەکەی بە رووخسارییەوە دیارە و زەرد هەڵگەڕاوە.

د. ئەسعەد حەسوون، پسپۆڕ و راوێژکاری نەشتەرگەریی گشتی، لەنێو بەرنامەکەدا دەڵێت لەماوەی رابردوودا لانیکەم ١٠٠٠ نەشتەرگەریی چاندنی جگەر و ١٠٠٠ نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەکانی کردووە، ئەمەش دڵی دوو براکە خۆشدەکات کە لە ستۆدیۆ دانیشتوون و چاوەڕێی چوونیان بۆ نەشتەرگەری دەکەن، چونکە ورەیان پێدەدات و دڵنیادەبنەوە ئەو کەسەی نەشتەرگەرییەکەیان بۆ دەکات تەواو ورد و پڕزانیاری و کارامەییە.

د. دڵشاد شێخانی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی چاندنی جگەر یەکێكی دیکەیە لە تیمی نەشتەرگەریی چاندنی جگەر لەنێوان دوو برا گەنجەکە، دەڵێت پێش نەشتەرگەرییەکە گوتنی هەر شتێك لەبارەیەوە زەحمەتە، چونکە نەشتەرگەرییەکە زۆر گەورەیە و پێویستی بە چاوەڕوانیکردنە تاوەکو نەشتەرگەرییەکە تەواودەبێت بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆخی تەندروستییان.

شێخانی لەبارەی پەککەوتنی جگەر دەڵێت، مەبەست لە پەککەوتنی جگەر ئەوەیە توانای فرمانەکانی نامێنێت، کە دەکرێت بەشێوەیەکی خێرا یان هێواش رووبدات و دوای پەککەوتنیش، جگەر کۆمەڵێك پاشهاتی تەندروستی لە جەستەدا دروستدەکات، لەوانەش: تووشبووانی پەککەوتنی جگەر تووشی خوێنبەربوون دەبن، هاوکات تووشی زیادبوونی پەستانی نێو مێشك دەبن، رەنگە تووشی پەککەوتنی گورچیلەکان و کۆمەڵێك هەوکردنی مەترسیداری خوێنیش ببنەوە.

پسپۆڕە کوردەکەی چاندنی ئەندامەکان دەڵێت خواردنەوەی کهول هۆکارێكی سەرەکیی پەککەوتنی هێواشی جگەرە، هاوکات ڤایرۆسی جگەر جۆری بی و جۆری سی هۆکاردەبن بۆ پەککەوتنی جگەر و هەندێك دەرمان بە خواردن و زۆر بەکارهێنان، یان بە زۆرخواردن و ژەهراویبوون پێیان هۆکاردەبن بۆ پەککەوتنی جگەر، لەوانەش پاراسیتامۆڵ و دژەزیندەکان.

لەبارەی نیشانەکانی پەککەوتنی جگەر، د. دڵشاد شێخانی روونیدەکاتەوە: (زەردوویی و سکئێشە، هێڵنج و رشانەوە، ژانی سەرەوەی لای راستی سک، سکئەستووربوون و لە قۆناخە تووندەکانیشدا خەواڵوویی و بێئاگایی نیشانەی پەککەوتنی جگەرن، دەشڵێت کۆمەڵێك خۆپارێزی مەترسیی تووشبوون بە پەککەوتنی جگەر کەمدەکەنەوە، لەوانەش کەمکردنەوەی خواردنەوەی کهول، بەکارهێنانی کۆندۆم، بەکارهێنانی موسی سەفەری لە سەرتاشخانە، هاوکات وەرگرتنی ڤاکسین دژی ڤایرۆسی جگەر یارمەتیدەرن بۆ پاراستنی جگەر.

لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر ئەسعەد حەسوون، راوێژکاری نەشتەرگەریی چاندنی جگەر دەڵێت نەشتەرگەریی چاندنی جگەر بۆ پەککەوتنی تووندی جگەر دەکرێت، لەکاتی نەشتەرگەریدا بەشێكی جگەری بەخشەر بۆ وەرگرەکە دادەندرێت، دەشڵێت دەبێت دووکەسەکە گونجاو بن لەڕووی کێش و کۆمەڵێك وردەکاری دیکەی زانستییەوە، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە دەڵێت جگەری کەسی بەخشەر دوای نزیکەی دوو مانگ بە قەبارەی خۆی گەوردەبێتەوە و جگەرە وەرگیراوەکەش توانای خۆگەورەکردنی دەبێت.

پسپۆڕەکە دەشڵێت نەشتەرگەریی چاندنی جگەر یەکێكە لە قورسترین نەشتەرگەرییەکان و نزیکەی ١٨-٢٠ کاژێری پێدەچێت.