رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق دڵنیایی دەدات، هیچ تووشبوویەکی ئاوڵەی مەیموون لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە و دەشڵێت، "هاوئاهەنگیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە".
دکتۆر سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، رۆژی یەکشەممە (18-08-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون، نەخۆشییەکی تازە نییە و کۆنە؛ تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوویەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، وەزارەتەکەیان بە چڕی بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکات، "هەر تووشبوویەک سەلمێنرا، بە فەرمی رایدەگەیێنن و لەوبارەوە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە".
ئەو نەخۆشییە زیاتر لە کیشوەری ئەفریقا بەتایبەتی لە وڵاتی کۆنگۆ بە فراوانی بڵاوبووەتەوە.
دکتۆر سەیف بەدر ئاماژەی بەوەکرد، "ئاوڵەی مەیموون، ڤایرۆسێکی مەترسیدارە، چارەسەرێکی راستەوخۆی نییە؛ بەڵام مامەڵەی لەگەڵ دەکەین".
لەبارەی سەردانی زیارەتکاران بۆ شوێنە پیرۆزەکان و گرتنەبەری رێکارەکان، دکتۆر سەیف بەدر گوتی، لە وڵاتانی دەورووبەر و ناوچەکە ئەو نەخۆشییە بڵاوبووەتەوە، لە هەموو دەروازە سنوورییەکان، وشکانی، ئاوی و ئاسمانی رێکار گیراونەتەبەر، تیمی تەندروستی دانراون، هەر کەسێک گومانی لێبکرێ، رێکاری لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
بەگوتەی دکتۆر سەیف بەدر، "ئەو نەخۆشییە چارەسەری راستەوخۆی نییە، بەشێوەیەکی ئەزموونی ڤاکسین لە هەندێک وڵات هەیە، ئەگەر پێویست بکات و ڤاکسین هەبێ، ئەوا وەزارەتی تەندروستی دابینی دەکات".
رۆژی 14ـی ئاب، د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای کرد، نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون لە هەندێک وڵاتی ئەفریقا بڵاوبووەتەوە کە پێشتر هیچ تووشبوویێکیان تێدا تۆمار نەکراوە.
رێکخراوەکە بە فەرمی دۆخی نائاسایی بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە راگەیاند و دەڵێت: "پێویستە تەندروستیی وڵاتان رێکارەکانی خۆپارێزی بۆ نەخۆشییەکە تووندبکەن".
بەگوێرەی ناوەندی کۆنترۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەفریقا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 17 هەزار تووشبووی نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' تۆمارکراون و 500 کەسیش گیانیان لەدەستداوە؛ ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 160٪ رێژەکان زیادیان کردووە.
نەخۆشییەکە ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. هۆکارەکانی گواستنەوەی نەخۆشییەکە بریتین لە:
- دەستلێدان
- ماچکردن
- سێکسکردن
- بەکارهێنانی پەڕۆ، جلوبەرگ و دەرزیی بەکارهاتووی کەسی تووشبوو
نیشانەکانی نەخۆشییەکە:
- تا
- پەڵەی پێست
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکەکان
- بێهێزی
- ئاوسانی لیمفەگرێیەکان
هاوکات ڤاکسین تاکە رێگەی پێشگیریکردنە لە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکە و بە گوتەی بەڕێوەبەری پڕۆگرامی فریاگوزاریی WHO، نیو ملیۆن قورچکی ڤاکسینەکە ئامادەیە و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ژمارەی ڤاکسینەکان بگەیێندرێتە 2.4 ملیۆن قورچک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ