تەندروستیی جیهانی: 35,000 تووشبووی ئاوڵەی مەیموون لە جیهاندا تۆمارکراون

18-08-2022
دڵزار زوبێر
A+ A-

رووداو-هەولێر

تەندروستیی ئەمریکا دەڵێت، لە گردبوونەوە جەماوەرییەکانی هاوڕەگەزخوازاندا ڤاکسینی دژە ئاوڵەی مەیموون دابەشدەکەن؛ ئەوەش لەکاتێکدایە کە 13 هەزار و 517 تووشبووی ئاوڵەی مەیموون لە وڵاتەکەدا تۆمارکراون. 
 
رۆژی پێنجشەممە 18ـی ئابی 2022 بۆب فێنتۆن، هاوئاهەنگیکاری وەڵامدانەوەی ئاوڵەی مەیموون لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، حکومەتی ئەمریکا پڕۆگرامێک دەستپێدەکات کە 50 هەزار قورچکی ڤاکسین لە گردبوونەوەی هاوڕەگەزخوازاندا دابەشدەکات. 
 
بەگوێرەی سەنتەری ئەمریکی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی و رێگریکردن لێی، لە سەرەتای مانگی ئایارەوە لانیکەم 13 هەزار و 517 تووشبووی ئاوڵەی مەیموون لە ئەمریکا تۆمارکراون. دوایین ئاماری فەرمیی وڵاتەکەش پیشانی دەدات کە 98٪ـی کۆی تووشبووان "هاوڕەگەزخوازی پیاون کە کاری سێکسی لەگەڵ پیاوانی دیکە دەکەن". 
 
بەرپرسانی ئەمریکا هۆشداری دەدەن بەوەی لەگەڵ کردنەوەی دەرگەی زانکۆکان لە پاییزدا، تووشبوون بەرزدەبێتەوە. 
 
رۆچێڵ والێنس، بەڕێوەبەری سەنتەری ئەمریکی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی و رێگریکردن لێی ئاماژە بەوە دەکات، ناوەندەکانی تەندروستیی ویلایەتەکانیان راسپاردووە بۆ ئەوەی "رێکاری پێویست" بگرنەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە و سنووردارکردنی گردبوونەوەکان. 
 
بەگوێرەی سەنتەری ئەمریکی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی و رێگریکردن لێی، ئەمریکا نزیکەی یەک ملیۆن قورچکی ئاوڵەی مەیموونی بەسەر ناوەندەکانی تەندروستی لە ویلایەتەکان دابەشکردووە و لە پلانیاندایە لە هەفتەی داهاتوودا 1.8 ملیۆن قورچکە ڤاکسینی دیکە دابەش بکەن. 
 
بۆ یەکەمجار لەمساڵدا، لە 6ـی ئایاردا ژمارەیەک کەیسی ئاوڵەی مەیموون لە بەریتانیا تۆمارکران. دواتر نەخۆشییەکە بە وڵاتانی دیکەی جیهاندا بڵاوبوویەوە. 
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تاوەکو ئێستا لانیکەم 35 هەزار تووشبووی ئاوڵەی مەیموون لە 92 وڵاتدا تۆمارکراون و 12 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.