پلاندانانی تەندروستیی دهۆک: پێویستمان بە دامەزراندنی پزیشک و پەرستارە

18-08-2022
جووتیار قارەمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک بەشێکی تایبەت بە فریاکەوتن کرایەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2014وە نەخۆشخانەی گشتیی دهۆک کاری تێدا کرا کە بەشێکی گەورەی تایبەت بوو بە فریاکەوتن، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرا و لەو کاتەوە تەواو نەکراوە. بەڕێوەبەری پلاندانانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆکیش دەڵێت، پیویستیان بە دامەزراندنی پزیشک و پەرستارە.
 
د. سیروان محەممەد ئەسوەد، بەڕێوەبەری پلاندانانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "پێویستمان بە دامەزراندنی پەرستار و پزیشکە و چەند مانگێکە نووسراومان بۆ وەزارەتی تەندروستی ناردووە."
 
لەبەر ئەوەی لە دهۆک نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتنی پێشکەوتوو نەبوو و تەختیش کەم بوو، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک نەخۆشیان بەپێی جۆری نەخۆشی کردبووە دوو بەشەوە، بەشێکیان لە نەخۆشخانەی گشتیی ئازادی چارەسەر دەکران و بەشەکەی دیکەیشیان لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەڕۆژکێ. 
 
بەڕێوەبەری پلاندانانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک گوتی: "یەکێک لە کێشە بەردەوامەکانی ئێمە نەخۆشخانەی فریاکەوتن بووە. چەند ساڵە ئێمە داوا دەکەین کە پێویستمان بە نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتنە. ئەو نەخۆشخانە نوێیەی بۆ فریاکەوتن کراوەتەوە سیتی سکانی تێدا نییە و هیوادارین وەزارەتی تەندروستی و پارێزگاری دهۆک هەوڵ بدەن و ئەو ئامێرەیشمان بۆ دابین بکەن."
 
ئەم بەشە تایبەتەی کراوەتەوە 130 تەختە و پێویستی بە نزیکەی 300 کارمەندی تەندروستی و 50 پزیشک و نزیکەی 250 کادری تەندروستییە کە هاوکاریی پەرستار و پزیشکەکان بکەن. 
 
د. سیروان محەممەد ئەسوەد گوتی: "ستافەکەی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی ئازادی هەموویان بۆ ئەوێ دەگوازرێنەوە. بەشێکیش لە ستافی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەڕۆژکێیش بۆ ئەوێ دەگوازرێنەوە."
 
لە دهۆک ژمارەیەکی زۆر ئاوارە هەن. تەندروستیی دهۆک ئەو بڕە دەرمانەی بۆی دێت هەر لەوە بە ئاوارەکانیش دەدات و گلەیی ئەوە لە تەندروستیی عێراق دەکەن کە لە ناردنی ئەو دەرمانەدا ئاوارەکان ئەژمار ناکەن.
 
بەڕێوەبەری پلاندانانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک گوتی: "وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە رووی دابینکردنی دەرمان و پێویستی و پارەوە ستەمێکی زۆر لە تەندروستیی دهۆک دەکات و هەمووی بۆ موسڵ دەنێرێت. ئەو ئاوارانە بارگرانییان لەسەر تەندروستیی دهۆک دروست کردووە." 
 
د. سیروان محەممەد ئەسوەد ئاشکرای کرد کە بەم نزیکانە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی بۆ زاخۆ دەکرێتەوە و کارەکانی تەواو دەبن و بودجەکەی جودا کراوەتەوە و تەنیا ئەوە ماوە کەسێک بکرێتە بەڕێوەبەری گشتی.
 
لە پارێزگای دهۆک 15 نەخۆشخانە هەن کە حەوتیان گشتین و ئەوانی دیکە تایبەتمەندن. 149 بنکەی تەندروستییش هەن کە دوو جۆرن: جۆرێکیان پزیشک بەڕێوەیان دەبات و جۆرەکەی دیکەیشیان لاوەکین و یاریدەدەری پزیشک بەڕێوەیان دەبەن. بە هەموویشیانەوە نزیکەی دوو هەزار و 500 تەختیان هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە