پسپۆڕێکی پێست: ئامێری وشککردنەوەی نینۆکەکان هۆکارێکی شێرپەنجەیە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری هۆشداری دەداتە خانمان لە بەکارهێنانی ئامێری وشککەرەوەی نینۆک لە ئارایشتگەکان دا و دەڵێت: دەبێتەهۆی شێرپەنجەی پێست.
 
د. فێنک جەبار یاوەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری و لەیزەر بە رووداوی گوت، بۆ وشککردنەوەی بۆیەی نینۆک دوای جوانکاری نینۆکەکان تیشکی سەروو وەنەوشەیی بەکاردێت، کە تیشکێکی مەترسیدارە بۆ پێست و زۆربەرکەوتنی دەبێتەهۆی شێرپەنجەی پێست.
 
لەبارەی کوالێتیی کەلوپەلەکانی جوانکاریی نینۆکەکانەوە دەشڵێت: لەدوای بەکارهێنان بە باشی پاکبکرێنەوە، چونکە دەشێت سەرچاوە بن بۆ گواستنەوەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان و هەوکردنە تووندەکان.
 
دەقی وەڵامەکانی د. فێنک جەبار یاوەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری و لەیزەر لەبارەی جوانکاریی نینۆک 'مانیکیور'؛
 
رووداو: ئەو نەخۆشی یاخود کێشانە چین کە لەکاتی جوانکاریی نینۆک 'مانیکیور' یاخود دانانی نینۆکی دەستکرد دەشێت خانمێک دووچاریان ببێتەوە؟ 
 
د. فێنک جەبار: دەشێت خانمان لەکاتی جوانکاریی نینۆک 'مانیکیور' دووچاری ئەمانە ببن؛
 
- هەستیاری پێست؛ بەهۆی مادە کیمیاییە بەکارهاتووەکان یاخود مادە پاککەرەوەکان دەشێت ببێتەهۆی سووربوونەوە، ئاوسان و خورانی پەنجەکان و دەوروبەری پەنجەکان.
- هەوکردنی پێست و ئازار؛ بەهۆی لابردنی بەشێکی زۆری نینۆک بەتایبەت ئەو پێستە نەرمەی کە لە سەرەتای نینۆکەکەوەیە.
- تووشبوون بە ڤایرۆس، بەکتریا و کەڕوو؛ بەهۆی پیسیی ئامێری بەکارهاتوو یان وشکنەبوونەوەی مادەی بەکارهاتوو بۆ نینۆک، تەنانەت تووشبوون بە ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر و نەخۆشیی ئەیدز دەشێت بەهۆی پیسیی ئامێرەکانەوە تووشی کەسێک ببن.
 
رووداو: چ کێشەیەکی نینۆکەکان زۆر بەبڵاوە لەنێو ئەو چارەخوازانەی دێنە لای ئێوە؟
 
د. فێنک جەبار: زۆرترین ئەو کەیسانەی لەئەنجامی جوانکاریی نینۆک 'مانیکیور' سەردانیان کردووین؛ هەوکردنی نینۆکەکان یاخود لاوازبوون و تەنکبوونەوەی نینۆکەکان بەتایبەت لەوانەی کە ماوەیەکی زۆر جوانکاریی نینۆک دەکەن یانیش خۆیان بە شێوەیەکی نازانستی نینۆکەکانیان لێدەکەنەوە و دەیانشکێنن.
 
رووداو: مەرجەکانی کردنی جوانکاریی درەوشانەوەی نینۆک 'پۆڵیش' بە تەندروستی چین؟
 
د. فێنک جەبار: کارمەندانی ئارایشتگە و سەنتەرەکانی جوانکاری هەموو مەرجە تەندروستییەکان جێبەجێبکەن، بەتایبەت پاککردنەوەی ئامێرەکان بۆ هەر کەسێک، هەروەها وا باشترە کە ئامێری 'ئۆتۆکلەیڤ یاخود ئۆڤن'ـیان هەبێت بۆ ئەوەی ئامێرەکان پاکژبکرێنەوە یاخود تەنیا کەلوپەلی یەکجار بەکارهاتوو بەکاربهێنن.
 
هاوکات لەکاتی دانانی مادەی درەوشانەوەی نینۆکەکە ''جێل پۆڵیش'' پێویستە دەستبەجێ وشکبکرێتەوە، تاوەکو هیچ شێدارییەک نەمێنێت و نەبێتەهۆی هەوکردنی تووند.
 
رووداو: کێن ئەوانەی نابێت پۆڵیشی نینۆک بکەن؟
 
د. فێنک جەبار: چەند کەسانێک هەن نابێت پۆڵیشی نینۆک بکەن؛
 
- تووشبووانی ئەکزیما.
- تووشبووانی هەستیاریی پێست.
- ئەوانەی هەوکردنی نینۆکیان هەیە؛ باشترە چارەسەری هەوکردنەکە وەربگرن ئینجا جوانکارییەکە بکەن.
- تووشبوونی شێرپەنجەی پێست لە دەست و نینۆکەکان.
 
رووداو: بەکارهێنانی تیشکی UV بۆ وشککردنەوەی بۆیەی نینۆک هیچ زیانێکی هەیە، ئایا لە مانگێکدا چەند جار دروست و سەلامەتە کە بەکاربێت؟
 
د. فێنک جەبار: بەشێوەیەکی گشتی دوو زیانی هەیە؛
 
یەکەم؛ پیربوونی پێست کە بەهۆی زۆربەرکەوتن بە تیشکی سەروو وەنەوشەییەوەیە، کاتێک خانمێک لە مانگێکدا زیاتر لە جارێک یاخود هەموو هەفتەیەک ئامێرەکە بەکاردەهێنێت، دەشێت پێست چرچ ببێت و خاڵی قاوەیی تێدا دەربکەوێت.
 
دووەم؛ ئەگەر زۆر بەکاربهێندرێت دەشێت ببێتەهۆی شێرپەنجەی پێست، هەر بۆیە باشترە دەستكێش یاخود دژەخۆر بدرێت لە دەستەکان، ئینجا بخرێنە ژێر ئەو ئامێرە.
 
رووداو: خانمانی دووگیان ئاساییە مانیکیور یاخود جوانکاریی نینۆک بکەن؟
 
د. فێنک جەبار: هیچ توێژینەوەیەک نییە کە بیسەلمێنێت، جوانکاریی نینۆکەکان زیانی هەیە بۆ خانمانی دووگیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە