پشکنینێکی نوێ بۆ زوو دەستنیشانکردنی فرەجووڵەیی تاقیدەکرێتەوە

رووداو - تەندروستی 

لە بەریتانیا پشکنینێکی نوێ بۆ دەستنیشانکردنی ناڕێکیی سەرنج و فرەجووڵەیی ADHD تاقیدەکرێتەوە، پشکنینەکە خێرایە و بە ئاسانی نیشانەکانی منداڵی تووشبوو دەناسێتەوە.
 
ئێلینای پێنج ساڵان بەهۆی چاوەڕوانی لە نۆرەی بینینی لیژنەی تایبەت بە دەستنیشانکردنی فرەجووڵەیی زیاتر لە ساڵێکە لە نۆرەدایە.
 
دایکی ئێلینا دەڵێت: ''مامۆستا و هاوتەمەنەکانی وادەزانن منداڵێکی عەجوول و بێزارکەرە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو دۆخێکی تایبەتی هەیە''.
 
سومەییە ئەلبوسەیدی، دایکی ئێلینا دەشڵێت: ''زۆرجار لەلایەن مامۆستا و هاوتەمەنەکانییەوە بەهەڵە تێیدەگەن، مامۆستاکەشی بۆی روونکردمەوە کە دەزانێت ئەو فرەجووڵەی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە دەستنیشان نەکراوە، تەنیا وادەزانن منداڵێکی عەجوولە''.
 
تاوەکو ئێستا هیچ پشکنینێک نییە دەستنیشانی فرەجووڵەیی ADHD بکات، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن، شەش مانگ پێویستە بۆ لێکۆڵینەوە لە منداڵانی گوماناوی بە نەخۆشییەکە.
 
ئێستاش توێژەرانی پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستیی بەریتانیا پشکنینێک بە ناوی Qb Test پێشنیازدەکەن بۆ دەستنیشانکردنی ناڕێکیی فرەجووڵەیی.
 
بە ئۆنلاین پشکنینەکە دەکرێت و جووڵەکان بە کامێرایەک چاودێریی دەکرێن و دەپێورێن، ئەنجامەکانی خێران و زوو حاڵەتەکە دەستنیشان دەکات.
 
هێندری شێڵفۆرد، سەرۆکی رێکخراوی ADHD لە بەریتانیا دەڵێت: ''ئەمە سەرەتای خاڵێکی وەرچەرخانە بەوەی کە ئێمە ئامرازەکان بە NHS دەدەین بۆ هەڵسەنگاندنێکی کاریگەر و وردتری فرەجووڵەیی، بۆیە ئێمە دەتوانین دەستنیشانی ئەو خەڵکانە بکەین کە چاوەڕێدەکەن، کە ئەوە سەتان کەسە لە هەزاران''.
 
بە گوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا، 24٪ـی ئەوانەی فرەجووڵەن، ساڵێک بۆ دوو ساڵ لە نۆرەدان بۆ هەڵسەنگاندنی گونجاو.
 
دایک و باوکانیش بە ئومێدن ئەم پشکینە ئۆنلاینە کێشەی منداڵەکانیان دەستنیشان بکات و لە دوودڵیدا نەبن.