پسپۆڕێکی دەروونی: لەکاتی وەرگرتنەوەی نمرەی پۆلی 12، باوان چاودێریی رەفتاری قوتابییەکانیان بکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییە دەروونییەکان لەبارەی وەرگرتنەوەی نمرەکانی پۆلی 12 رایدەگەیەنێت، دایک و باوکان خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەبکەن و نەبنەهۆی شۆکی دەروونیی قوتابییە پۆلی دوانزەکەیان، تەنانەت دەڵێت: ''شەوی وەرگرتنەوەی نمرە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ قوتابییەکە نەکرێت''.
 
د. جەعفەر عومەر، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان بە رووداوی گوت، لەکاتی وەرگرتنەوەی نمرەکانی پۆلی 12 کەشێکی ئارام بۆ منداڵەکەیان دابینبکەن، هەروەها بەباشی دەزانێت کە قوتابییەکە لەلایەن باوانەوە چاودێریی بکرێت، تاوەکو هیچ کاردانەوەیەکی نەرێنی بۆ ئەنجامەکانی نەبێت و رەفتارە نەرێنییەکانی کۆنتڕۆڵ بکرێن.
 
د. جەعفەر عومەر دەڵێت: ''قوتابی هەر نمرەیەکی بەدەستهێنا، دایک و باوک قبووڵی بکەن و سەرزەنشتی منداڵەکەیان نەکەن و بەدووربن لە هەڵچوونی نەرێنی''.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوەشدەکات، پۆلی 12 کۆتایی ژیان نییە و قوتابی دەتوانێت چەندان دەرفەتی دیکەی لەپێش بێت بۆ ئەوەی داهاتوویەکی گەشاوە و پڕ لە سەرکەوتنی هەبێت.
 
بە گوتەی د. جەعفەر، ئەگەر لەو شەوەدا منداڵەکە بشڵەژێندرێت و لەڕووی دەروونییەوە بڕوخێندرێت، ئەوا رەنگە دووچاری خەمۆکی و تۆقین ببێت و بەشداری تاقیکردنەوەکانی داهاتووش نەکات.
 
ئەو پسپۆڕە چەند رێگەیەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونیی قوتابی لەکاتی وەرگرتنەوەی نمرەکانی پۆلی 12 باسدەکات؛
 
- لەبەرچاوگرتنی هەر ئەگەرێک و نەشڵەژان بۆ بەدەستنەهێنانی نمرەی خوازراو.
- بە ئارامی مانەوە و گفتوگۆ لەگەڵ خێزان.
- کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و شڵەژان. 
- ئەوەیان لەبەرچاوبێت کە هەلی دیکەیان لەبەردەمە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو نمرەیەی بەدەستیان نەهێناوە یاخود بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی سەرکەوتوو.
- نابێت ترس و دڵەڕاوکێ بشاردرێنەوە و وەرزشەکانی خۆخاوکردنەوە بکرێن یان پیاسەبکات، و راوێژ بە کەسانی پسپۆڕ بکات.

''شەوی وەرگرتنەوەی نمرەکان پەیوەندی نەکرێت بە قوتابییەکە و خیزانەکانیانەوە''
  
''باشترە شەوی وەرگرتنەوەی نمرەکان پەیوەندی نەکرێت بە منداڵەکە و خیزانەکانیانەوە، تاوەکو هەست بە ئاسوودەیی بکەن، چونکە ئەگەر قوتابییەکە نمرەی کەمی هێنابوو، رەنگە پێی خۆش نەبێت ئاشکرای بکات لەلای کەسوکاری، یان باشترە کە راستەوخۆ پەیوەندیی بە کەسی یەکەمی قوتابییەکەوە بکرێت، هەروەها لە رۆژانی دوای ئاشکراکردنی نمرەکان، پەیوەندی بە قوتابییەکە بکرێت''.
 
رۆژی هەینی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 رادەگەیەندرێت
 
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "رۆژی هەینی 19ـی تەممووزی 2024، کاژێر 08:00ـی ئێوارە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 رادەگەیەنین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە