بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ هەندێک منداڵ بەهۆی شاشەکان نیشانەکانی ئۆتیزمیان لێدەردەکەوێت

18-07-2023
شکار رێبوار
دیمەنێکی نێو بەرنامەکە. وێنە: رووداو
دیمەنێکی نێو بەرنامەکە. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دکتۆر ئاراس باسی ئالوودەبوونی منداڵ بە شاشەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کرا و پسپۆڕێک منداڵان دەڵێت: هەندێک منداڵ بەهۆی شاشەکان نیشانەکانی ئۆتیزمیان لێ دەردەکەوێت. 
 
دکتۆر ساسان لوقا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، کە میوانی بەرنامەکە بوو، بەکارهێنانی شاشەکان لەنێو منداڵان زۆر زیادی کردووە و پێویستە سنوور بۆ بەکارهێنانیان دابندرێت.
 
ئەم پسپۆڕە لەبارەی تەمەنی منداڵ بۆ بەکارهێنانی شاشەوە گوتی، منداڵ لە دوو ساڵی یەکەمی تەمەنی نابێت سەیری شاشەکان بکات تەنانەت دەشڵێت: لەو تەمەندا نابێت سەیری بەرنامەی پەروەردەییش بکات، بەڵام بەباشی دەزانێت کە منداڵ یەکەمجار دەبێت زمانی دایک فێرببێت و دووربکەوێتەوە لە شاشەکان. 
 
دکتۆر ساسان هۆکاری دوورخستەوەی منداڵ لە شاشەکان لە دوو ساڵی یەکەمی تەمەنیدا بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە منداڵ لەو تەمەنەدا فێری رستەی دوو وشەیی دەبێت، چونکە ئەگەر منداڵ لەو تەمەندا قسە نەکات ئەوا لە قسەکردن دوادەکەوێت. 
 
ئەو پزیشکە بە پێویستی دەزانێت کە دایک و باوک وەکو سەرما و گەرما منداڵەکەیان لە شاشەکان بپارێزن، دەشڵێت، دەبێت وەڵامی سەرجەم ئەو پرسیارانە بدرێتەوە، کە لەلایەن منداڵەوە دەکرێن.
 
"شاشەکان منداڵ فێری زمان ناکەن"
 
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە بەرنامەکەدا باس لە ئالوودەبوون دەکات و دەڵێت: دیاردەیەکی مەترسیداری جیهانییە و کەسی ئالوودەبوو بە شاشە، ناتوانێت لێی دوور بکەوێتەوە. 
 
دکتۆر ئازاد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار گوتی، فێربوونی زمان لە رێگەی شاشەکانەوە سوودی نییە، چونکە منداڵ قسەی شاشەکان بەبێ هەست و فێربوون دووبارە دەکاتەوە، هەروەها دەشڵێت: "بەهیچ جۆرێک شاشە ئەلیکترۆنییەکان منداڵ فێری زمان و قسەکردن ناکەن"
 
دکتۆر ئازاد ئاماژەی بە پاشهاتە مەترسیدارەکانی زۆر بەکارهێنانی شاشەکان کرد و گوتی: ''قەڵەوی یەکێکە لە پاشهاتە مەترسیدارەکانی بەکارهێنانی شاشەکان، چونکە لەکاتی بەکارهێنانی شاشەکان منداڵان ناجووڵێن و  قەڵەو دەبن''.
 
ئاودەستی رۆژهەڵاتی یاخود رۆژئاوایی؟
 
بەشێکی دیکەی بەرنامەکە تایبەت بوو بە جیاوازیی نێوان ئاودەستی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی، پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لەم بارەیەوە دەڵێت: کەسەکان بەپێی ئاستی تەندروستییان جۆری ئاودەست دیاری بکەن.
 
دکتۆر بنار ئەتروشی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری دەڵێت: "ئەو کەسانەی کێشەی قەبزی و کۆئەندامی هەرسیان هەیە پێویستە ئاودەستی رۆژهەڵاتی بەکاربهێنن. 
 
لە رووی پێستەوە پسپۆڕەکە گوتی، ئاودەستی رۆژهەڵاتی باشترە، چونکە رەنگە ئاودەستی رۆژئاوایی هۆکاری گواستنەوەی نەخۆشیی پێست بێت.
 
دکتۆر بنار رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات کە هەمیشە ئاودەستی رۆژئاوایی پاکبکەنەوە، چونکە دەکرێت ببێتە هۆی گواستنەوەی بەکتریا و کەسەکە دووچاری هەوکردن بکات.
 
بۆ بینینی تەواوی بەرنامەکە کلیک لێرە بکە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە