زانکۆی ئۆهایۆ لە ئەمریکا: شێرپەنجەی کۆڵۆن و ریخۆڵە پەیوەندی بە 'خۆراکی رۆژئاوایی'ەوە هەیە
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی ئۆهایۆ لە ئەمریکا دەریدەخات، شێرپەنجەی کۆلۆن و ریخۆڵە لە نێو گەنجاو زۆر بەربڵاوبووە و هۆکارێکی سەرەکی ئەم شێرپەنجەیەش خۆراکی رۆژئاواییە.
توێژەرانی ئەم توێژینەوەیە رایدەگەیێنن، لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن چۆن خۆراکی چەوری زۆر کە رێژەیەکی کەمی ریشاڵی تێدایە، دەتوانێت گۆڕانکاری لە کۆئەندامی هەرسدا بهێنێتە ئاراوە و مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن و ریخۆڵە زیادبکات.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، "خۆراکی رۆژئاوایی" دەتوانێت هاوسەنگی بەکتریا لە کۆئەندامی هەرسدا تێکبدات، ئەمەش دەبێتە هۆی هەوکرد، زوو پیربوونی خانەکان و تووشبوون بە شێرپەنجە.
بە گوێرەی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی، شێرپەنجەی کۆڵۆن و ریخۆڵە سێیەم باوترین جۆری شێرپەنجەیە
شێوازی ژیانی ناتەندروست هۆکاری سەرەکییە بۆ زیادبوونی شێرپەنجەی کۆڵۆن و ریخۆلە؛
- خواردنی خۆراکە خێراکان و ئامادەکراوەکان
- خواردنەوەی خواردنەوە گازی و وزەبەخشکان
- کەمیی جووڵە و نەبوونی چالاکیی جەستەیی
- قەڵەوی
- بۆماو
چەند پشکنینێکی پێشوەختە بۆ شێرپەنجەی کۆڵۆن و ریخۆڵە بەردەستن وەکو؛
- ئەنجامدانی هەناوبینی ''کۆڵۆنۆسکۆپی'' و ''سیگمۆیدۆسکۆپی''
- پشکنینی بۆماوەیی
-پشکنینی پیسایی