تەندروستی
تیمە تەندروستییەکانی عێراق پشکنین بۆ خەڵک دەکەن بۆ ئەوەی تووشبووی خوێنبەربوون دەستنیشان بکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى تەندروستیى عێراق رایگەیاند، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە 119 توشبووى تاى خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراون کە 18یان گیانیان لەدەستداوە و یەکێک لەو توشبووانەى گیانی لەدەستداوە، لە هەولێر بووە.
رۆژی پێنجشەممە، 18ـى ئایارى 2023، د. سەیف بەدر، گوتەبێژى وەزارەتى تەندروستیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە ژمارەى تووشبووان بە تاى خوێنبەربوون بەرزبووەتەوە بۆ 119 تووشبوو. گوتیشى: "دوو کەس لە پارێزگاکانى واست و موسەننا گیانیان لەدەستداوە، بەوەش ژمارەى ئەو کەسانەى بەهۆى ئەو پەتایەوە لە ئەمساڵدا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە 18 کەس."
د. مامەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی بە تای خوێنەربوون گیانی لەدەستداوە، دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و ژنە، دوای ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە، دوێنێ چوارشەممە گیانی لەدەستداوە.
گوتەبێژى وەزارەتى تەندروستیى عێراق ئاماژەى بەوەدا، زۆرینەى تووشبووانى تاى خوێنبەربوون لە پارێزگاى زیقار بووە کە 35 کەسن و دوای ئەو بەسرە دێت بە 18 تووشبوو، لە موسەننا 10 کەس و لە میسان هەشت کەسى دیکە تووشی ئەو پەتایە بوون، یەک تووشبوو لە هەولێر تۆمارکراوە، ئەویش گیانى لەدەستداوە.
د. سەیف بەدر رایگەیاند، زۆرینەى ئەو کەسانەى بەهۆى ئەو پەتایەوە گیانیان لەدەستداوە لە پارێزگاى زیقار بوون، کە شەش کەس بوون و لە پارێزگارى موسەنناش سێ کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ