نەخۆشخانەی هیوا: لە سلێمانی رۆژانە 10 نەخۆشی شیرپەنجە تۆمار دەکرێن

18-05-2022
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو رادیۆ
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی کە تایبەتە بە چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە رایدەگەیێنێت، رۆژانە لە نەخۆشخانەکەیاندا 15 تووشبووی شێرپەنجە تۆمار دەکرێن کە 10یان خەڵکی پارێزگای سلێمانین. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێستا ئەو نەخۆشخانەیە لە رووی دەرمان پێویستییە پزیشکییەکانەوە بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و بە ئاستەم دەتوانێت دەرمان بۆ نەخۆشەکانی دابین بکات و ئەو بەڕێوەبەرە باس لەوە دەکات کە ئاستی خزمەتگوزارییان 20٪ دابەزیوە.
 
لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداودا کە ئاسۆ سەراوی پێشکێشی کرد باس لە کێشە و گرفتەکان و نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەی هیوای سلێمانی کرا کە هەریەکە لە دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا و شەدە بەشیر، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی دەستەی داکۆکیکار لە نەخۆشخانەی هیوا تێیدا بەشدار بوون.
 
دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەبارەی کەمیی دەرمان لە نەخۆشخانەکەیدا رایگەیاند: "ئێستا ئەو نەخۆشانەمان کە پێویستیان بە چارەسەری خێرایە زیاد لە 100 کەسن کە بێچارەسەرن و بەداخەوە بەشێوەیەکی ئەوتۆ کەس بە دەممانەوە نەهاتووە. ئەگەر وایە، با ئێمە بێینە راگەیاندنەکان و رایبگەیێنین کە ئیدی ناتوانین بەو شێوازەی جاران خزمەتگوزاری پێشکەش بکەین."
 
زیاتر لە شەش مانگە دەرمان لە نەخۆشخانەی هیوا کەمبووەتەوە. گرفتەکەیشیان ئەوەیە کە چارەسەرەکانیان چارەسەری گرانبایین و کڕینیان بۆ نەخۆشان سەختە. 
 
دکتۆر یاد نەقشبەندی گوتی: "بڕوا ناکەم 90٪ زیاتری خێزانی کورد بتوانن دابینی بکەن. ئەو دوو چارەسەرەی لە نەخۆشخانەی هیوا زۆر سەرەکین، ئێستا بەردەست نین. ئەمانە بۆ هەر نەخۆشێک بۆ هەر دانیشتنێکی کە 14 بۆ 20 رۆژ جارێکە، ئەگەر جۆرێکی باشی وەک ئەوەی جاران لای ئێمە هەبوو بکڕێت، رەنگە بایی چوار-پێنج هەزار دۆلار بێت. هیچ خێزانیک نییە ئەو توانایەی هەبێت."
 
شەدە بەشیر، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی دەستەی داکۆکیکار لە نەخۆشخانەی هیوایش گوتی: "خۆم لە نەخۆشخانەی هیوادا بینیم کە نەخۆش تەلەفۆنی بۆ خزم و کەسوکاری دەکرد بۆ ئەوەی هاوکاریی بۆ کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی دەرمانی پێبکڕێت. بۆیە ئەرکی هەموومانە کە لەسەر کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوا بەدەنگ بێین."
 
شەدە بەشیر گوتیشی: "هەفتەی داهاتوو لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانیدا کۆدەبینەوە و باسی کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوا دەکەین. ئێمە یاداشتێکمان ئاراستە کردوون و ئەوان پێیانگوتووین کە هەفتەی داهاتوو لەگەڵماندا دادەنیشن."
 
دکتۆر یاد نەقشبەندی باسی لەوە کرد، نەخۆشەکانیان وەک نەخۆشی نەخۆشخانەکانی دیکە نین کە ئەگەر پێویستیان بە نەشتەرگەرییەک بێت بۆیان بکرێت و بڕۆن و ئیتر نەچنەوە؛ نەخۆشیان هەیە پێویستی بە 18 دانیشتنە، هەیشیانە بە درێژایی نەخۆشییەکەی پێویستی بە چارەسەرە.
 
لەبارەی ئەوەوەی کە ئەگەر دۆخەکەیان وابێت ئاڵای سپی هەڵبکەن و دایبخەن بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا گوتی: "هیچ کاتێک نەخۆشخانەی هیوا داناخرێت، چونکە تاوەکو کارمەند دەوام بکات، بەردەوام دەبین، بەڵام کاتێک لە 200 نەخۆشی سەردانیکار نەتوانیت چارەسەر بۆ 50یان بکەیت، ئیتر ئەوە هەڵکردنی ئاڵای سپی نییە چییە؟ کە ئاستی خزمەتگوزاریت هاتە خوار 50٪ مانای وایە تۆ تووشی شەلەل بوویت. ئێستا لە چاو ساڵێک لەمەو پێشدا ئاستی خزمەتگوزاریمان نزیکەی 20٪ دابەزیوە."
 
دکتۆر یاد نەقشبەندی ئاماژەی بەوە دا، نەدەبوو بگاتە ئەو ئاستەی کە نەخۆشێکی شێرپەنجە خۆی شەونخوونی بکات بۆ ئەوەی دەرمانی چارەسەری نەخۆشییەکەی پەیدا بکات و، گوتی: "نەخۆشم هەیە مانگی یەک هاتووە دەرمانم نەبووە بیدەمێ، ئێستایش مانگی پێنجە و هاتووەتەوە هەر دەرمانم نییە بیدەمێ."
 
بە گوتەی د. یاد، نەخۆشخانەکانی نانەکەلی و ئازادییش هەمان گرفتی ئەوانیان هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی نەخۆشخانەی هیوا نەخۆشی پارێزگای هەڵەبجە، ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان و ژمارەیەکی زۆری نەخۆشانی کەرکووک و موسڵ و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی بۆ دەچێت، وای کردووە زووتر هەست بە کەمبوونەوەی دەرمانەکە بکەن.
 
د. یاد نەقشبەندی رایگەیاند: "لە سلێمانی زیاد 98٪ـی تووشبووانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی حکومی چارەسەر دەکرێن. ئێمە لە نەخۆشخانەی هیوا رۆژانە بە لایەنی کەمەوە 15 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمار دەکەین کە دەتوانم بڵێم 10یان هی سلێمانین و پێنجەکەی دیکەیش هی پارێزگاکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستانن. ساڵانە زیاد لە سێ هەزار تووشبوو تۆمار دەکەین. رۆژانە 600 کەس بۆ وەرگرتنی چارەسەر و پشکنین سەردانمان دەکەن." 
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەشڵێت، "لە سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسکیشدا ئەو کەسانەی چارەسەریان بۆ کراوە تەنیا 33٪ـیان خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانی بوون، 67٪ـیان هی پارێزگاکانی دەرەوەی سلێمانین. مەبەستەکەم ئەوەیە کە نەخۆشخانەی هیوا تەنیا هی سلێمانی نییە، بەڵکو لە زاخۆوە تا بەسرە خزمەت دەکات." 
 
نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا سندووقێکی کۆمەکیان بۆ تووشبووانی شێرپەنجە هەیە کە ساڵی 2012 بە یاسای ژمارە 11 دامەزراوە و داهاتەکەی لەسەر چەند جۆر باجە.
 
شەدە بەشیر، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی دەستەی داکۆکیکار لە نەخۆشخانەی هیوا گوتی: "ئێمە دەزانین کە حکومەت دەستی بۆ پارەی سندووقی شێرپەنجە بردووە. یەکێک لە داواکانمان ئەوەیە کە حکومەت لە هیچ بارودۆخێکدا دەست بۆ ئەو سندووقە نەبات."
 
د. یاد نەقشبەندی گوتی: "لە بارەی سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجەوە یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2012 هەیە کە داهاتەکەی لەسەر غەرامەکانە وەک هاتووچۆ، جگەرە، خواردنەوە کحوولییەکان. بە هەموو یاسایەک دەبوو سندووقەکە ئیستا لە هەموو کاتێک زیاتر پارەی تێدا بووایە،چونکە ئێستا ئەو شتانەی غەرامەیان لەسەرە لە هەموو کاتێک زیاتر بەکاردەهێنرێن."
 
گوتیشی: "ئەوەی لای ئێمە سەیرە و جێی نیگەرانییە، داهاتی سندووق لە دۆخێکی زۆر خراپدایە. پارەکە بە ژمارە هەمووی هەیە، گرفتە گەورەکە لەوەدایە کە دێیتە سەر ئەوەی چەکێک بۆ بانکەکانی تایبەت بە سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە دەڵین پارەی تێدا نییە و ناتوانین بۆتان خەرج بکەین. دەبوو داهاتی سندووقەکە زۆر باش بووایە."
 
بە گوتەی د. یاد، ئەو یاسایەی سندووقی کۆمەکک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە 10 ساڵ لەمەو پێش دەرکراوە کە رۆژی پێنج تووشبووی نوێ تۆمار کراوە، ئێستا بووەتە سێ ئەوەندە، بۆیە ناکرێت بە هەمان یاسا بەردەوام بیت لە کاتێکدا خزمەتگوزاری و پێویستییەکانت بوونەتە سێ ئەوەندە.
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا گوتی: "تاوەکو ئیستا چەکی مانگی 11 و 12ی پارم بۆ خەرج کراوە. لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە چەکەکانی من قفڵ بوون و دەڵێن پارە نییە و خەرج ناکرێت."
 
د. یاد نەقشبەندی پێیوایە، چارەسەر ئەوەیە بتوانن مانگانە پێنج-شەش ملیار دینار خەرج بکەن بۆ هەموو نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە. 
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا گوتی: "دەبێت هەردوو حکومەت بە کردەیی بێنە سەر هێڵ، چونکە ناکرێت سەنتەری ژیاندنەوەکەمان کە دوو ئامێری تێدایە پەکیان کەوتووە کە زیاد لە 10 ساڵە خزمەتی هەموو عێراق دەکەن. هیچ رۆژێک نییە هەردووکیان کار بکەن. ئەم سەنتەرە 25٪ـی نەخۆشی ناوەڕاست و باشووری عێراقن."
 
ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەو سەنتەری ژیانەوەیە لە 2017وە هەموو فەرمانێکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بۆ دەرچووە کە  ئامێرێکی بۆ بکڕدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ نەکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە