رووداو - تەندروستی
لە چەند رۆژی رابردوودا لەنێو دەرمانسازان و کۆگەکانی دەرمان، دەرمانێک بە دوو نرخی جیاواز بڵاوبووەتەوە و نرخی ئێستای دەرمانەکە چوار ئەوەندە زیادبووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 18-3-2025 دکتۆر میران هەمزە، بەرپرسی هۆبەی نرخاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی کواڵیتیی کۆنتڕۆڵی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای بەبازاڕکردنی دەرمانەکە نرخەکەی تەنیا بە هەزار و 250 دینار بوو، بەڵام دواتر کۆمپانیای بەرهەمهێنەر روونکردنەوەی پێشکێشکردوون و بۆیان دەرکەوتووە کە دەرمانەکە شایستەی نرخێکی زۆر لەوە زیاترە.
دکتۆر میران هەمزە روونی دەکاتەوە، ئەو دەرمانە ئێستا بە چوار هەزار و 250 دینار دەفرۆشرێت و هەرچەندە سەرەتا و ئێستاش بە ستیکەری نرخە کۆنەکە خرایە بازاڕ، بەڵام دوای بەڵگە و دەرخستەکانی کۆمپانیاکە، دەرمانە نرخ کۆنەکانیان کشاندووەتەوە و بە نرخی نوێوە دابەشی سەر کۆگەکانی دەرمانیان کردووە.
ئەوەش باسدەکات، کۆمپانیای بەرهەمهێنەر کەمتەرخەم بووە لە زووکشانەوەی دەرمانەکانی بە نرخە کۆنەکە، هەر بۆیە لەنێو کۆگەکانی دەرمان بە هەزار و 250 دینار بڵاوبووەتەوە، بەڵام کە ئێستا بووە بە چوار هەزار و 250 دینار؛ مشتومڕی لای دەرمانسازان دروستکردووە.
دەرمانەکە ناوە زانستییەکەی Norethisterone tabletـە و پزیشکێکی دەرمانساز لەبارەیەوە گوتی، ئەوە بۆ وەستان و دواکەوتنی سووڕی مانگانە بەکاردێت، بەتایبەت بۆ ئەو خانمانەی دەیانەوێت 'رێگریبکەن لە دووگیانبوون، تەواوی رەمەزان بەڕۆژوو بن یاخود ئەوانەی گەشتی عومرە دەکەن'.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ