دوای بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس، هەڵمەتێك دژی نێرگەلە و جگەرەکێشان رادەگەیێندرێت

18-03-2022
هونەر رێبوار
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێكخراوی ژیانی تەندروستی لەدوای گوتەکانی دکتۆر ئاراس برادۆستی لە بەرنامەی دکتۆر ئاراس، هەڵمەتێكی هۆشیاری تەندروستی دژی نێرگەلە و جگەرەکێشان رادەگەیێنێت.
 
قاسم عەزیز، سەرۆکی رێكخراوی ژیانی تەندروستی دەڵێت، لەدوای ئەوەی دکتۆر ئاراس برادۆستی، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرنامەی دکتۆر ئاراس جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە جگەرە بۆ خانمانی دووگیان مەترسیدارە و خانمانی جگەرەکێش لەماوەی دووگیانی مەترسی زۆرتر لەسەر کۆرپەکەشیان دروستدەبێت، بڕیاریانداوە هەڵمەتێكی هۆشیاری رابگەیێنن.
 
سەرۆکی رێكخراوی ژیانی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، پەیامە تەندروستییەکەی دکتۆر ئاراس دژی نێرگەلە و جگەرەکێشان بۆ هەموو هاونیشتمانییانە و بەرەو ئەوەیە کە خانمان و پیاوان هاوژینێك بۆ داهاتوویان هەڵبژێرن کە دووربێت لە تووتن و جگەرە و نێرگەلە نەکێشێت. 
 
قاسم عەزیز روونیدەکاتەوە ئەوان وەکو رێكخراوێكی تەندروستی بەردەوام کاریان لەسەر هۆشیاریی تەندروستی کردووە و هەڵمەتەکەی ئێستاشیان کە لەدوای بەرنامەی دکتۆر ئاراس دەستی پێدەکەن بۆ زیاتر دوورخستنەوەی هاونیشتمانییانە لەم دووژمنە مەترسیدارە. 
 
سەرۆکی رێكخراوی ژیانی تەندروستی دەڵێت، پاڵپشتیی گوتەکانی دکتۆر ئاراس برادۆستی دەکەن کە گوتبووی، کوڕەکان کچێك مەخوازن کە لە کافتریاکان خەریکی نێرگەلە و جگەرەکێشان بێت، "ئەگەر ئەنجیلینا جوڵیش بێت مەیخوازە." دەشڵێت هەڵمەتەکەیان بە فراوانی دژی نێرگەلە و جگەرەکێشان دەبێت و کارەکانی هەڵمەتەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مەیدانی دەبێت.
 
دکتۆر ئاراس برادۆستی، پێشکەشکاری بەرنامەی دکتۆر ئاراس لە تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرنامەکانیدا گرنگی بەسەرجەم مژارە تەندروستییەکان و رێنماییەکان بۆ شێوازی ژیانی تەندروست دەدات و زۆر بەڕوونی باس لە مەترسییەکانی جگەرەکێشان لەسەر خانمان و پیاوانیش دەکات، لەدوایین بەرنامەشدا کە لەسەر خۆراکە دۆست و دووژمنەکانی خانمانی دووگیان بوو، رووی کردە کوڕان و گوتی "کچی جگەرەکێش مەخوازن،" ئەمەش چونکە بەرنامەکە زیاتر فۆکەسی لەسەر خانمانی دووگیان بوو، ئەگەرنا بەدڵنیایی باس باسی هەردوو رەگەزە و هەردوو رەگەز دەبێت لەکاتی هەڵبژاردنی هاوژین دووربن لەو کەسەی جگەرەکێش بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.