نەخۆشی لەنێو گامێش و مانگاکانی عێراق بڵاوبووەتەوە

18-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەخۆشییەک لەنێو رەشەوڵاخەکانی عێراق بڵاوبووەتەوە و سوودانیش لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە و پشکنین پێکهێناوە. داواشی کردووە زیانەکان بخەمڵێندرێن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "محەممەد شیاع سوودانی بڕیاریداوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر دەنگۆی تووشبوونی گامێش و مانگاکان بە نەخۆشیی تەبەق پێکبهێندرێت، کە لیژنەکە بە ئەندامێتیی چەند پسپۆڕێکی زانستی ڤێتێرنەری و بەرهەمی ئاژەڵان دەبێت."
 
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران: "لیژنەکە دەستیان کردووە بە کارکردن و وردبوونەوە لە حاڵەتەکان، هەروەها دیاریکردنی هۆکارەکان و وەرگرتنی نموونە لە ئاژەڵە تووشبووەکان بە هاوکاریی پسپۆڕانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ، رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نێودەوڵەتی، ئەوەش بۆ پشکنین لە تاقیگە جیهانییەکان."
 
سوودانی داوای لە لیژنەکە کردووە، کۆی ئەو زیانانە بخەمڵێنن کە لە دەرئەنجامی نەخۆشییەکە کەوتوونەتەوە.
 
بەگوێرەی نووسینگەی سوودانی، "لیژنەکە دڵنیایی داوە لەوەی بەکارهێنانی گۆشت و بەرهەمەکانی ئەو ئاژەڵانە واناکات کە ئەو نەخۆشییە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە."
 
تەبەق نەخۆشیەكی ڤایرۆسییە، تووشی ئاژەڵە سمدارە دوو لەتەكان دەبێت و ژێرسمی ئاژەڵەكە بریندار دەكات. بەپێی لێكۆڵینەوەكان، نەخۆشی تەبەق خێراترین نەخۆشیی ڤایرۆسییە بۆ بڵاوبوونەوە لەنێو ئاژەڵاندا. 
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، زیاتر لە 16 ملیۆن و 400 هەزار مەڕ؛ ملیۆنێک و 300 هەزار بزن؛ ملیۆنێک و 800 هەزار مانگا؛ 462 هەزار گامێش و زیاتر لە 200 هەزار حوشتر لە وڵاتەکەدا هەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو کۆندۆم. وێنە: Upstream USA

WHO: بەکارهێنانی کۆندۆم باشترین رێگەی پێشگیریکردنە لە دووگیانبوون

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاویکردووەتەوە، بەکارهێنانی کۆندۆم رێگەی سەرەکییە بۆ رێگریکردن لە نەخۆشییە گوازراوەکان و باشترین رێگەی پێشگیریکردنیشە لە دووگیانبوون.