رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست رایدەگەیێنێت، باشترە کە پشت بە بەکارهێنانی بەرهەمەکانی کۆلاجین نەبەسترێت و مرۆڤ بە سرووشتی لە رێگەی خۆراکەوە بەدەستی بهێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 18-2-2025 د. کاشمە کەریم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست لە بوولتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، شێوازی ژیانی تەندروست وادەکات کە رێژەی کۆلاجین لە جەستەدا زیادبکرێت.
د. کاشمە کەریم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست ئەم رێگەیانەی خوارەوە بۆ زیادکردنی کۆلاجین بە شێوەی سرووشتی باسدەکات؛
- خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە ڤیتامین C و دەوڵەمەند بە دژەئۆکسێنەرەکان
- خواردنی سەوزە و میوەکان
- خۆراکە پڕۆتینییەکان وەکو ماسی و گۆشتی سوور و گۆشتی مریشک
- خواردنی سپێنەی هێلکە
- وەرزش
پسپۆڕانی ئەمریکی و بەریتانی ئاشکرای دەکەن، تەواوکەرەخۆراکییەکانی کۆلاجین کە بۆ مەبەستی جوانکاری بەکاردێن و لەنێو دەرمانخانەکان هەن، تەنیا بازرگانین و هیچ بنچینەیەکی زانستییان نییە، زانکۆی هارڤاردیش دەریدەخات، سوودی بەرهەمەکانی کۆلاجین بۆ ئەو مادانەی دیکە دەگەڕێتەوە کە لەنێو بەرهەمەکەن، نەک کۆلاجینەکە.
توێژەران چەند نموونەیەکی توێژینەوە دەهێننەوە و دەڵێن، بەشێک لە توێژینەوەکان کوێرانە باسی بەرهەمەکانی کۆلاجینیان کردووە و پشتیان پێنابەسترێت، هەر بۆیە ''هەڵەیە بەرهەمەکانی کۆلاجین بۆ کەمکردنەوەی چرچولۆچیی پێست بەکاربێن''.
لیێنگ هێنگ، پسپۆڕی باڵای خۆراکە لە دەزگای سەلامەتیی خۆراکی ئەورووپی EFSA دەڵێت: ئەو سەتان بەرهەمەی تەواوکەری خۆراکیی کۆلاجین کە دەفرۆشرێت تەنیا مەبەستەکە بازرگانییە و سوودەکانی پشتڕاستنەکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ