رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی قوڕگ، لووت و گوێ لە کەندا هۆکارەکان و پێشگیریکردن لە وشکبوونەوەی نێو دەم باسدەکات و رایدەگەیێنێت، لەزۆربەی بارودۆخەکاندا ئاساییە، بەڵام دەشێت نیشانەی نەخۆشییەکی درێژخایەن بێت.
کەیڤن هیگن، پسپۆڕی قوڕگ، لووت، گوێ لە کەنەدا روونیدەکاتەوە، وشکبوونەوەی دەم حاڵەتێکە بەناوی 'Xerostomia' کە لیکی نێو دەم کەمدەبێتەوە و وشکبوونەوەی دەم وەکو ئاماژەیەکە بۆ کەمیی بەرهەمهێنانی رێژەی لیک.
پسپۆڕەکە دەڵێت: ''زۆرجار حاڵەتەکە لە ئەنجامی وشکبوونەوەی جەستەدا روودەدات، واتە شلەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی لیک لە جەستەدا نییە''، هەروەها دەشڵێت: وشکبوونەوەی دەم لەکاتی هەستکردن بە دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونی باو و ئاساییە.
بە گوتەی دکتۆر کەیڤن، هەندێک جۆری دەرمان کاریگەرییان لەسەر وشکبوونی دەم هەیە وەکو 'دەرمانەکانی بەرزەپەستانی خوێن و چارەسەری دەروونی، دەنکۆڵەی خەو، ئازارشکێنەکان و چارەسەری کیمیایی'، هەروەها ئاماژەش بە نەخۆشییەکانی رۆماتیزم، شەکرە و بەرگریی دژەخۆیی دەکات کە دەشێت هۆکاربن بۆ وشکیی دەم بەتایبەت لە تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە.
بۆ چارەسەرکردن و پێشگیریکردن لە وشکبوونی دەم و قوڕگ دکتۆر کەیڤن هیگن رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات و دەڵێت: ''ئەگەر هۆکارەکەی سادەبوو ئەوا بە 'خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو و شلەمەنی، خواردنی سەوزە و میوە و جوینی بنێشتی کەمشەکر' دەتواندرێت کەمبکرێتەوە، بەڵام ئەگەر هۆکارەکەی نەخۆشیبوو ئەوا پێویستە دەرمان و چارەسەری تەواو وەربگیرێن.
لە کۆتاییدا پسپۆڕەکە گوتی، ئاساییە ناوبەناو هەست بە وشکبوونەوەی دەم بکرێت، بەڵام وشکبوونەوەی بەردەوامیی دەم و قوڕگ دەشێت نیشانەی کێشەیەکی بنەڕەتی بێت، هەربۆیە لە ئەگەری درێژەکێشان بە حاڵەتەک پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.
بەگوێرەی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی NHS لە بەریتانیا، کێشانی جگەرە و نێرگەلە یاخود خواردنەوەی کحول هۆکاری باون بۆ وشکبوونەوەی دەم، هەروەها NHS پێشنیازدەکات شەوانە شێدارکەرەوەی قوڕگ و لووت بەکاربهێندرێت و ئەو خۆراکانەی کافایینیان تێدایە کەمبکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ