توێژینەوەیەک لە فینلاند: ڤیتامین دی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست کەمدەکاتەوە

18-01-2023
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی ئیستێرن فینلاند ئاشکرای دەکات، ڤیتامین دی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست کەمدەکاتەوە و خانەکانی پێست دەپارێزێت.
 
توێژەرانی زانکۆی ئیستێرن فینلاند بەهاوبەشی لەگەڵ پزیشکانی نەخۆشخانەی کواپیۆ لە فینلاند رایدەگەیێنن، ئەوکەسانەی رێژەی 'ڤیتامین دی'ـیان ئاساییە لەنێو تووشبووانی شێرپەنجەی پێست کەمترینن، هەروەها ڤیتامینەکە هاندەرەکانی زۆربوونی خانە شێرپەنجەییەکانیش لەنێودەبات. 
 
لە توێژینەوەکەدا 500 کەسی تەمەن 21 بۆ 79 ساڵ بەشداربوون و رۆژانە تەواوکەرەخۆراکییەکانی 'ڤیتامین دی'ـیان پێدەدرا، دەرکەوت ئەوانەی رۆژانە ڤیتامینەکەیان دەخوارد کەمتر نیشانەکانی شێرپەنەی پێستیان لەسەر دەردەکەوت.
 
دکتۆر ئیلکا هارڤیما، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''ڤیتامین دی جەستە لە هاندەرەکانی خانە شێرپەنجەییەکان پاکدەکاتەوە و پارێزگاری لە بۆماوە مادەی خانەکان دەکات''، هەروەها دکتۆر ئیلیکا روونیدەکاتەوە، ڤیتامینەکە خانەکانی بەرگریی جەستە دژی خانە شێرپەنجەییەکان زیاتر چالاکدەکات.
 
دکتۆر کیم مارگۆلین، پسپۆڕی شێرپەنجە لەبارەی سەرچاوەکانی دەستکەوتنی ڤیتامین دی دەڵێت: بەرکەوتن بە تیشکی خۆر سەرچاوەی سەرەکییە بۆ دەستکەوتنی ڤیتامینەکە، بەڵام بەکارهێنانی تەواوکەرەخۆراکییەکان لەژێر رێنمایی پزیشک کاریگەری دەبێت و دەتواندرێت وەکو جێگرەوەیەکی تیشکی خۆر بەکاربهێندرێت.
 
لە کۆتاییدا سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رێنوێنی هاووڵاتییان دەکات کە تەنیا وەرگرتنی تەواوکەرەخۆراکییەکان پێشگیری لە تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست ناکات، بەڵکو پشت بە چەندین هۆکاری دیکەی وەکو شێوازی ژیان دەبەستێت، لە کۆتاییشدا لەبارەی رێژەی وەرگرتنی تەواوکەرەخۆراکییەکان دەڵێت: ''پێویستە پزیشکی پسپۆڕ جۆر و بڕی تەواوکەرەخۆراکییەکە دەستنیشان بکات، چونکە زۆربەکارهێنانیان دەشێت ببێتە هۆی ژەهراوی بوون.'' 
 
کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، جگە لە تیشکی خۆر 'ماسی، جگەری ئاژەڵ، هێلکە و قارچک' سەرچاوەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین دی و لەو وڵاتانەی تیشکی خۆریان تێدا کەمە دەتوانن پشت بە تەواوکەرەخۆراکییەکان ببەستن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە