لە هەولێر.. سیمپۆزیۆمێک نوێترین داهێنانە تەکنەلۆژییەکانی بواری جوانکاریی ددان دەخاتەڕوو

17-12-2022
شکار رێبوار
سیمپۆزیۆمی بلو پرێنت بۆ ددان لە هەولێر. وێنە: رووداو
سیمپۆزیۆمی بلو پرێنت بۆ ددان لە هەولێر. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو – تەندروستی

یەکێک لە توێژینەوەکانی نێو سیمپۆزیۆمەکە دەریدەخات، بە دیجیتاڵکردنی کارە پزیشکییەکانی بواری ددان ئەنجامێکی باشتر و چارەسەرێکی خێراتر بە چارەخواز دەبەخشێت، پسپۆڕێکی ددانیش دەڵێت: پێش ئەوەی هەر جوانکارییەکی ددان ئەنجامبدرێت دەبێت لەگەڵ شێوەی چارەخوازدا بگونجێت.
 
لە شاری هەولێر سیمپۆزیۆمێکی زانستی بە ناوی 'بلو پرێنت' بۆ پسپۆڕانی بواری جوانکاریی ددان بەڕێوەچوو، تیایدا پسپۆڕێکی جوانکاریی ددانی ئوردنی ئاماژەی بە نوێترین داهێنانی تەکنەلۆژیا لە بواری جوانکاریی ددان کرد، هەروەها رێنوێنییە جیهانییەکانی پێش جوانکاریی ددان تاوتوێکران.
 
دکتۆر ماهیر جەواد، پسپۆڕی جوانکاریی دەم و ددان بە رووداوی راگەیاند،  بەدیجیتاڵکردنی پزیشکیی ددان داهاتووی زانستەکەیە، هەروەها لە کارایی پزیشکی دداندا بەدیدەکرێت.
 
دکتۆر ماهیر روونیدەکاتەوە، مەبەستیانە ئەم داهێنانە پزیشکییە لە نۆرینگەوە بگوازنەوە نێو تاقیگەکان، چونکە شەویلگەکانی چارەخواز لە ئامێرەکەوە بۆ تاقیگە بەخێرایی و وردییەکی زۆر دەگوازرێتەوە، هاوکات لە چاپکردن و دروستکردنی ددانەکان ئاسانکاری دەکات، دکتۆرەکە دەڵێت: گرنگی بە تەکنەلۆژیا لە کارەکانیاندا بدەن، چونکە ئەنجامی باشتر، هەستیارتر و وردترمان دەستدەکەوێت.  
 
دکتۆر کانی مەحموود کانی، پسپۆڕی جوانکاریی ددان چەند رێنوێنییەکی جیهانی پێش جوانکاریی ددان باسدەکات و دەڵێت: ''پێش ئەوەی هەر جوانکارییەک بۆ چارەخواز بکرێت دەبێت شێوەی ددانەکە لەگەڵ شێوەی کەسەکە بگونجێت کە زیاتر پشت بە رەنگی سپێنەی چاوی چارەخواز دەبەستین''، هەروەها دکتۆر کانی دەشڵێت: پزیشکان دەبێت شێوازی ددانەکە بەگوێرەی رووخسار هەڵبژێرن و گرنگە کە رێژەی دەرکەوتنی ددانەکان لەکاتی پێکەنیندا بەگوێرەی رەگەزی چارەخوازەکە دیاریبکەن.
 
لەبارەی بەدیجیتاڵکردنی ددانسازی دکتۆر کانی دەڵێت: ''تەکنەلۆژیا دەتوانێت سەرجەم ئەنجامەکانی جوانکاریی ددانەکە بۆ چارەخواز پێشانبدات کە وادەکات چارەخواز بە دیتنی ددانەکەی تووشی شۆک نەبێت و ئەنجامی ددانەکەی بە شێوەیەکی دیجیتاڵی پێش جوانکاری ببینێت.''  
 
بە گوتەی دکتۆر زەردەشت برادۆستی، پسپۆڕی جوانکاریی ددان و سەرپەرشتیاری سیمپۆزیۆمەکە، بۆ یەکەم جارە سیمپۆزیۆمێکی تایبەت بە داهێنانە تەکنەلۆژییەکانی ددانسازی ئەنجامدەدرێت، کە ئامانجیانە ئەزموونی کەسانی پسپۆڕی بیانی و نێوخۆیی لە رووی زانستی و کردەییەوە بەتایبەت لەبواری تەکنەلۆژیای پزیشکیدا بۆ هاوپیشەکانیان بخەنەڕوو، مەبەستیشیانە خزمەتی زیاتری چارەخوازان بکەن و کاتی خایێندراوی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاریی ددان بە تەکنەلۆژیا کەمبکەنەوە.
 
لە کۆتاییدا دکتۆر زەردەشت گوتی: لە جیهاندا کێشەکانی چارەسەری و جوانکارییەکانی ددان زیادبوون، ئێمە دەمانەوێت لە کوردستان رێگە لەو کێشانە بگرین و بە باشترین کوالێتی چارەسەریان بکەین. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە