نەخۆشنامە؛ ئێستا بەیتار پێویست نییە و مەڕۆنە لایان

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پۆدکاستی ئەمجارەی نەخۆشنامە بە چیرۆکی ئەو منداڵە دەستیپێکرد کە باسکی شکابوو و برابوو بۆلای بەیتار، بەڵام دوای هەفتەیەک ئازاری بەردەوام، دەچێتە نەخۆشخانە و پشكنینی بۆ دەکرێت و دەردەکەوێت، شکاوییەکی زۆری هەیە.
 
د. عیماد شێروانی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکان میوانە و دەڵێت: کارەساتمان بینیوە بەسەر ئەوانەدا هاتوون کە چوونەتە لای بەیتار، زۆرجار ئێسکەکانیان لێکجیاکردووەتەوە، دەشڵێت: ''هەندێکجار گەیشووەتە ئەو ئاستەی کە بەهۆی چوونە بەیتارەوە قۆڵی نەخۆشیان بڕیوەتەوە''.
 
د. عیماد شێروانی ئاماژە بەوەدەکات، هەموو هەفتەیەک لە فریاکەوتنەکان نەخۆشێکیان بۆ دێت کە دەستی بە دار، هێلکە، خورما، رۆن و هەویر بەستراوەتەوە، هەمووی بە هەڵە دادەنێت، چونکە پێی وایە هۆکارن بۆ؛
 
- تێکچوونی پێستەکە
- دروستبوونی شێداری کە هۆکاری هەوکردنەکانە
- بەرکەوتن بە میکرۆبەکان
 
بە گوتەی د. عیماد شێروانی، ئێستا بەیتار گرنگ نییە و هیچ کەسێک نەچێتە لای بەیتار، باسی ئەوەشدەکات کە رەنگە زۆرجار ئێسک دووچاری شکانێکی بچووک بێت و لای ئەو جۆرە کەسانە چاکبووبێتەوە، بەڵام مەرج نییە هەمیشە بەو شێوەیە بێت و زۆرجاریش لای پزیشکی پسپۆڕ تەنیا پێویست بە کەمێک پشوو یاخود قاڵبێکی ئیسفەنجی دەبێت.
 
لە کۆتاییدا دەستەواژەی نەشتەرگەری بە گرەنتی رووندەکاتەوە، ''زۆربەی شکانەکان لە هەر شوێنێکی ئێسکی جەستە هەبن، جگە لە جومگەکان، بە تەواوەتی چاکدەبنەوە، بەمەرجێک لێکەوتەی نەرێنی نەبێت''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە