لێکۆڵینەوەیەک: مێشک تاکە شوێنی هەڵگرتنی بیرەوەرییەکان نییە
رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانکۆی نیویۆرک سەرلەبەری تێگەیشتنمان بۆ بیرەوەری و یادگەی مرۆڤ دەگۆڕێت.
زانایانی زانکۆ ئەمریکییەکە لە لێکۆڵینەوەیەکدا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی؛ مێشک تاکە شوێنی هەڵگرتنی بیرەوەرییەکان نییە. واتە یادگەی مرۆڤ تەنیا لە مێشکیدا نییە، بەڵکو خانەکانی دیکەی لەشمان، وەک دەمارەخانە و خانەکانی گورچیلەکانمان، دەتوانن وەک یادگە کاربکەن، فێربن و یادەوەرییەکان هەڵبگرن.
لە لێکۆڵینەوەکەدا، زانایان ئەو خانانەیان خسووەتە بەر چالاکییەکی زیندەکیمایی. چالاکییەکە وایکردووە جینێکی نێو خانەکان کە زانایان دەڵێن "جینی تۆمارکردنی یادەوەرییە"، هاوشێوەی جینەکانی نێو مێشک کاربکات.
ئەم دۆزینەوەیە پێمان دەڵێت، دەکرێت جەستەی مرۆڤ هەمووی پێکەوە سیستمێکی یادکردنەوەی ئاڵۆزی هەبێت، کە رۆڵێکی گرنگ لە زیندەچالاکییەکانی لەشماندا دەگێڕن.
چاوەڕێدەکرێت لێکۆڵینەوەکە گۆڕانکاریی گەورە لە تێگەیشتنی زانایان بۆ نەخۆشییەکانی وەک زەهایمەر و چارەسەرکردنی کێشەکانی یادگە بەدوای خۆیدا بێنێت.
ئێستا کە دەزانن یادگە بەرفراوانترە لەوەی بیری لێدەکرایەوە، زانایان چاویان لەوەیە تاقیکردنەوە لەسەر رێگەی نوێ بۆ بەهێزکردنی یادگەی مرۆڤ بکەن.
ئەم لێکۆڵینەوەیە هەروەها دەرفەتی زیاترمان پێدەدات تێبگەین، چۆن ئەندامانی جەستە پەیوەندی بەیەکەوە دەکەن و زانیارییەکان هەڵدەگرن.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە گۆڤاری زانستیی ئەمریکی Nature Communications بڵاوکراوەتەوە.