پەیمانگەی NIAID: ڤاکسینی 'ڤایرۆسی جگەر- جۆری بی' دەتوانێت تووشبووانی ئەیدز بپارێزێت

رووداو تەندروستی

توێژینەوەیەکی پەیمانگەی نیشتمانیی هەستیاری و نەخۆشییە گوازراوەکان دەریدەخات، سێ قورچکی ڤاکسینی ڤایرۆسی جگەر- جۆری بی، تووشبووانی نەخۆشیی ئەیدز لە ڤایرۆسەکە دەپارێزێت و بەرگریی جەستەیان بەهێزدەکات.
 
پەیمانگەی نیشتمانی هەستیاری و نەخۆشییە گوازراوەکان NIAID لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ڤاکسینی ڤایرۆسی جگەر- جۆری بی کاریگەری لەسەر پاراستنی تووشبووانی ئەیدز هەیە بەجۆرێک دوای سێ قورچک بەرگریی جەستەی تووشبووانی نەخۆشییەکە بۆ ڤایرۆسی جگەر-جۆری بی پەیدادەبێت. 
 
لە ماوەی شەش مانگدا سێ قورچکی ڤاکسینی ڤایرۆسی جگەری جۆری- بی بەناوی HEPLISAV-B بە 68 تووشبووی ئەیدز لە ئەمریکا، ئەفریقا و تایلەند دەدرا کە هیچ پێشینەیەکی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی جگەر جۆری-بی HBV نەبوو.
 
دوای سێیەم قورچک دەرکەوت سەرجەم بەشداربووان رێژەیەکی زۆر لە دژەتەنیان بۆ ڤایرۆسی HBV دروستکردووە، بەجۆرێک لەدوای قورچکی دووەم بەرێژەی 94% بەرگرییان بۆ HBV پەیداکردبوو، لەدوای قورچکی سێیەم بەرگریی جەستەیان بۆ 98.5% بەرزبووەوە.
 
دکتۆر کریستین مارکس، پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان لە نیویۆرک یەکێکە لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە دەڵێت: ''هەبوونی ژمارەیەکی زۆر دژەتەن دژی HBV ئاماژەیە بۆ پارێزگاریکردن لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە، بەڵام دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی تاوەکو چەند دژەتەنەکان لە جەستە دەمێننەوە.''
 
سەبارەت بە روونکردنەوەی ڤایرۆسی جگەری جۆری- بی دکتۆر کریستین دەڵێت: ''ڤایرۆسەکە دەبێتەهۆی هەوکردن و تێکدانی فەرمانەکانی جگەر، هۆکاری سەرەکیشە بۆ شێرپەنجەی جگەر کە مەترسی لەسەر ژیانی تووشبووانی ڤایرۆسی جگەر دروستدەکات بەتایبەت تووشبووانی نەخۆشیی ئەیدز کە بەرگریی جەستەیان لاوازە. 
 
لە کۆتایی قسەکانیدا دکتۆر کریستین مارکس وەک پسپۆڕێکی بواری نەخۆشییە گوازراوەکان و توێژەری چارەسەری تووشبووانی نەخۆشیی ئەیدز رایدەگەیێنێت، دەرئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە بەکارهێنانی ڤاکسینی HEPLISAV-B یەکلایی دەکاتەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات بۆ تووشبووانی ئەیدز بەکاری بهێنن.
 
بەشی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستی رایدەگەیێنێت، هەردوو ڤایرۆسی AIDS و HBV لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بەهەمان رێگە دەگوازرێنەوە وەکو بەرکەوتن لەگەڵ خوێن و شلەکانی جەستەی کەسی تووشبوو، هەروەها پەیوەندی سێکسی لەگەڵ کەسی تووشبوو باوترین رێگەی گواستنەوەی هەردوو ڤایرۆسەکەیە.