توێژینەوەیەکی ئەڵمانی: خواردنەوەی قاوە رێگری لە تووشبوون بە کۆڤید-19 دەکات

رووداو تەندروستی

توێژینەوەیەکی زانکۆی جاکۆبسی ئەڵمانی دەریدەخات، خواردنەوەی قاوە دەتوانێت رێگری لە تووشبوون بە کۆڤید-19 بکات لەهەمانکاتیشدا کەسەکە دەپارێزێت لە مەترسییەکانی توندی نیشانەی نەخۆشییەکە.
  
تیمێکی کیمیایی بە سەرپەرشتی نیکۆلای کۆهنێرت، پسپۆڕی بواری کیمیا لە زانکۆی جاکۆبس لە ئەڵمانیا، کاریگەری ئەرێنی ترشی کلۆرۆجینی ناو قاوە دەدۆزنەوە کە رێگریدەکات لە تووشبوون بە کۆرۆنا.
 
ترشی کلۆرۆجین وەرگرەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر خانەکانی مرۆڤ ناچالاکدەکات و رێگریان لێدەکات لەگەڵ پرۆتینەکانی سەر ڤایرۆسەکە بەیەکەوە ببەسترێن.
 
توێژەران رایدەگەیێنن، کوپێکی 200 ملیلیتر بڕی 100 ملیگرام لە ترشی کلۆرۆجینی تێدایە کە توانای هەیە بەیەکەوە بەستنی نێوان وەرگرەکانی کۆرۆنا لەسەر خانەکانی مرۆڤ ACE-2  لەگەڵ پرۆتینی سەر رووکەشی ڤایرۆسەکە قەدەخەبکات.
 
نیکۆڵای کۆهنێرت، پسپۆری بواری کیمیا و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''بەهۆی بوونی ترشی کلۆرۆجین، لەلایەن زانستەوە چەندین سوودی قاوە سەلمێندراوە بەتایبەت بۆ رێگریکردن لە تووشبوون بە شەکرە و زەهایمەر.''
 
هەروەها سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکەی دەڵێت: ''پێویستمان بە تەکنینک و پێوانەکاری وردتر هەیە لە توێژینەوەکانی داهاتوو بۆ ئەوەی بە تەواوی هێزی مادەکانی ناو قاوە لەسەر کۆرۆنا و نیشانەکانی بزانین.''
 
هاوکات توێژینەوەیەکی هاوبەشی زانکۆی تۆبینگن لە ئەڵمانا و مەشهەد لە ئێران دەریخستووە، ترشی کلۆرۆجین دژە ئۆکسێنەرێکی بەهێزە بۆ رێگریکردن لە زۆربوونی خانەکانی شێرپەنجە، هەروەها تایبەتمەندیی دژە هەوکردنی هەیە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنەکانی جەستە. 
 
بەگوێرەی راپرسییەکی ناوەندی سەرچاوەی مرۆیی وۆرکۆنۆمیکس، هەر تاکێکی ئەمریکی ساڵانە هەزار و 92 دۆلار بۆ خواردنی قاوە خەرجدەکات، ناوەندەکە دەریدەخات گەنجان زیاتر قاوە دەخۆنەوە وەک لە کەسانی بەتەمەن، هەروەها لەمساڵ توێژینەوەیەکی گۆڤاری ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ پشتڕاستیدەکاتەوە کە خواردنەوەی دوو کوپ قاوە لە رۆژێک 44% مەترسیی بەشەمێبوونی جگەر (Cirrhosis) بەهۆی کهولەوە کەمدەکاتەوە.