زانکۆی کاردیف: پێشۆرەکانی دەم دەتوانن لە 30 چرکەدا ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێوببەن


رووداو- هەولێر

پزیشكانی زانکۆی کاردیف رایدەگەیێنن پێشۆرەکانی دەم دەتوانن لەماوەی 30 چرکەدا ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێوببەن. 


بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی کاردیف دەرکەوتووە کاتێك کەسێك پێشۆرەکانی دەم بەکاردەهێنێت، ڤایرۆسەکانی نێو لیکی دەکوژێت، دەریشکەوتووە بەکارهێنانی پێشۆرەکانی دەم یارمەتیدەرە بۆ کوشتنی ڤایرۆسەکانی نێو دەم، بەڵام بۆ قوڕگ و سییەکان سوودی نابێت و نابێت بخورێتتەوە. 

لە ئەنجامەکانی توێژینەوەکەدا هاتووە لەنێو پێشۆرەکانی دەم بڕێك لە ماددەی cetypyridinium chloride(CPC) هەیە، کە دەرکەوتووە دەتوانێت بەماوەی 30 چرکە ڤایرۆسەکە  لە تاقیگەدا لەنێو ببات. 

د. کلایدن کە پسپۆڕەکەی دەم و ددانە لە زانکۆی کاردیف دەڵێت دەکرێت بەکارهێنانی پێشۆرەکانی دەم ببنە رۆتینێكی رۆژانە و سوودیان هەبێت بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەتایبەت ئەگەر لەگەڵیدا دەستشووشتن، دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی و ماسک بەستن هەبن. 

د. کلایدن داوادەکات پێشۆرەکانی دەم و ددان بەکاربهێندرێن، بەڵام بەهیچ جۆرێك بۆ خواردنەوە گونجاو نییە و نابێت جگە لە شۆردنی نێو دەم، بە مەبەستی خواردنەوە بەکاربهێندرێن.