بەڕێوەبەری بانکی خوێن لە کۆیە: کەمیی کارمەند کێشەی سەرەکیمانە

رووداو - تەندروستی 

بەڕێوەبەری سەنتەری بانکی خوێن لە کۆیە رایدەگەیێنێت، کێشەی کەمیی کارمەندیان هەیە و بەهۆیەوە ناتوانن بەشێک لە کارەکانی بانکی خوێن رابپەڕێنن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17-10-2024 عوسمان جەمال، بەڕێوەبەری بانکی خوێن لە کۆیە بە رووداوی راگەیاند، لە بانکەکە تەنیا پێنج کارمەندی لێیە و چوار کارمەنیش خۆبەخشن، هاوکات ئاماژە بە نەبوونی ئامبولانسیش دەکات.
 
بە گوتەی عوسمان جەمال، بەڕێوەبەری بانکەکە، پێویستیان بە 15 کارمەند هەیە، تاوەکو هەموو کارەکانی بانکی خوێن رابپەڕێنن و دەڵێت: ''تووشبووانی تالاسیمیاش دێنەوە لامان بۆ وەرگرتنی خوێن و بەرپرسیارێتی ئەوانیشمان لەسەرە''.
 
عوسمان جەمال ئاماژە بەوەشدەکات، تائێستا بانکەکەیان ئامبولانسی لێنییە، بەمەش ناتوانن هەڵمەت و کرداری گواستنەوەی خوێن لە فەرمانگە و دامەزراوەکان ئەنجامبدەن.
 
لەم بارەیەوە گوتی، ''ئەگەر ئامبولانسمان بۆ دابینبکرێت، ئەوا دەتوانین وەکو هەڵمەت بە فەرمانگە و شوێنە گشتییەکاندا بگەڕێین و هەر لەنێو ئەو ئامبولانسەکە، بەبێ ئەوەی خەڵک بێتە نێو بانکی خوێن، بەخشینی خوێنیان بۆ بکرێت''، بۆ ئەوەی رێژەی بەخشینی خوێن زیادببێت.
 
بەشێکی قسەکانی عوسمان جەمال ئەوە بوو کە ئێستا کێشەی کەمیی کیس و پێداویستیی گواستنەوەی خوێنیان نەماوە و هەموویان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێنی هەولێرەوە بۆ دابیندەکرێن.
 
بەپێی ئامارەکانی بانکی خوێنی کۆیە، لە مانگێکدا 250 بۆ 300 بتڵی خوێن بۆ نەخۆشان دابیندەکرێن، کە دەکاتە رۆژانە نزیکەی 10 بۆ 15 بتڵی خوێن، بەڵام لە هەندێک دۆخی فریاگوزاریدا دەگاتە 70 بۆ 80 بتڵ.