بەرپرسێکی بانکی جیهانی: کێشەی دارایی و هێزی کار ئاڵنگاریی سەرەکیی باشترکردنی تەندروستیی جیهانن

رووداو - تەندروستی 

بەڕێوەبەری جیهانیی خۆراک و دانیشتووان لە بانکی جیهانی لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە بەرلین رایگەیاند، بۆ گەشەکردنی ئابووری و کەمکردنەوەی برسێتی لە جیهاندا پێویستە بایەخ بە کەرتی تەندروستی بدرێت و پاڵپشتی وڵاتان دەکەین بۆ ئەم مەبەستە. 
 
د. خوان پابلۆ ئۆریبێ، بەڕێوەبەری جیهانیی خۆراک و دانیشتووان لە بانکی جیهانی لە دووەم رۆژی لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە بەرلین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سیستمی تەندروستی ئاڵنگاری و کەموکورتیی زۆری هەیە، لە هەمووشی گرنگتر بێگومان کێشەی دارایی بەردەوامە کە بۆ تەندروستیی گشتگیریی جیهانیی پێویستە. 
 
رۆژی یەکشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2023، یەکەم رۆژی لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە ئەڵمانیا دەستی پێکرد رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئامانج لەم لووتکەیە بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی چارەسەری داهێنەرانەیە بۆ رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی ئاڵنگارییە تەندروستییەکان، بەگوێرەی رێکخراوەکەش ئەو سیاسەت و توێژینەوانە تاوتوێدەکرێن کە دەتوانن کێشەکانی پەیوەندیدار بە رەگەزپەرستی و ناڕێکییەکانی بەردەم بڵاوبوونەوەی پەتا چارەسەربکەن.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. خوان پابلۆ ئۆریبێ، بەڕێوەبەری جیهانیی خۆراک و دانیشتووان لە بانکی جیهانی
 
رووداو: لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا دەمەوێت چەند پرسیارێک ئاراستەی بەڕێز پابلۆ ئۆریبی بکەم کە بەڕێوەبەری جیهانیی خۆراک و دانیشتووانە لە بانکی نێودەوڵەتی. بەڕێز دکتۆر خوان پابلۆ ئۆریبێ زۆر زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێەکەوتنە، سوپاس کە لەگەڵماندایت. دکتۆر پرسیاری یەکەمم ئەوەیە رۆڵی بانکی جیهانی لە باشکردنی تەندروستیی جیهاندا چییە؟ 
 
د. خوان پابلۆ ئۆریبێ: بەڵێ، ئێمە لەسەرتاسەری وڵاتان کاردەکەین، بە کۆزانینێکی (مەعریفە) بە‌هێز پاڵپشتیی وڵاتان دەکەین کە سیستمی تەندروستییان بەهێزبکەن. تەندروستی لە گەشەسەندنی مرۆڤدا گرنگە بۆ خۆشگوزەرانی و کەمکردنەوەی برسێتی لەجیهاندا و بۆ گەشەسەندنی ئابووریش. بە کورتی، ئێمە پاڵپشتیی وڵاتان دەکەین بۆ ئەوەی سیستمێکی تەندروستی بەهێزیان هەبێت کە لەئاست چاوەڕوانیی دانیشتووانەکانیان بێت.
 
رووداو: دکتۆر زۆر پرۆژەی تەندروستی لە عێراق هەن کە لە بانکی جیهانییەوە پێویستیان بە پشتگیرییە، چۆن دەتوانن پشتگیرییان بکەن؟ بە کام میکانیزم دەتوانن پشتگیرییان بکەن؟
 
د. خوان پابلۆ ئۆریبێ: کاری من جیهانییە، من لەیەک وڵاتی دیاریکراو کارناکەم، بۆیە بۆچوونی خۆم لەسەر هیچ وڵاتێکی دیاریکراو نادەم. ئەوەی کە بە گشتیی لە وڵاتەکانەوە دەبینین ئەوەیە کە سیستمی تەندروستی ئاڵنگاری و کەموکوڕی زۆری هەیە، لە هەمووشی گرنگتر بێگومان کێشەی دارایی بەردەوامە کە بۆ تەندروستی گشتگیری جیهانیی پێویستە کە بە دیاریکراوی ئەم دوای نیوەڕۆیە باسی دەکەین. خاڵێکی دیکەی گرنگ، کوالیتییە لە چاودێریی تەندروستی. من دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێکی دیکەی گرنگ بکەم کە ئەویش بەردەستکردنی هێزێکی کاری گونجاو، کارامە و پاڵنەرە. کەواتە کوالیتیی دارایی و هێزی کار یەکێکن لەو ئاڵنگارییانەی کە لە وڵاتان دەیانبینین.
 
رووداو: بەڕێزتان باسی هۆکاری داراییتان کرد، دەتوانن باسی گرنگترین پرۆژەی بانکی نێودەوڵەتیی بکەن؟
 
دکتۆر خوان پابلۆ ئۆریبێ: بەڵێ، پێش هەموو شتێک ئێمە چەند خاڵێکی پێشینەمان هەیە، گرنگترینیان بریتیین لە بەریەککەوتنی تەندروستی و گۆڕانی کەشوهەوا، شتێکە دەبێت ئاگاداری بین و رووبەڕووی ببینەوە. خاڵێکی دیکە دەرچوونە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پاڵپشتیکردنی وڵاتان بۆ ئەوەی باشتر خۆیان ئامادەبکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی هاوشێوە، هیوادارین کە بتوانین نەخۆشیی بنبڕ بکەین نەوەک هەر چارەسەربکەین. هەروەها تەرکیزێکی زۆر دەخەینە سەر خۆراک. دەمانەوێت سیستەمێکی چاودێریی تەندروستیمان هەبێت کە سەرنجی لەسەر تاک و خێزان بێت، داراییەکی بەهێزتر بێگومان. ئەوانە پێنج کارە لەپێشینەکەی ئێمەن.
 
رووداو: زۆر سوپاس دکتۆر ئۆریبێ.
 
دکتۆر خوان پابلۆ ئۆریبێ: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش بەهیوای کاری باشتر.