لە ڤالێنسیا منداڵێك بەهۆی ژەهراویبوون بە پاککەرەوەکانی نێو ماڵ گیانی لەدەستدا

رووداو- هەولێر

لە شاری گاندیا لە ڤالێنسیا منداڵێك بەهۆی ژەهراویبوون بە خواردنەوە و هەڵمژینی بۆنی پاککەرەوەکانی نێو ماڵ گیانی لەدەستدا. 


بەرپرسانی تەندروستی گاندیا رایدەگەیێنن، منداڵێكی تەمەن ٩ مانگان لەو کاتەی لەماڵەوە بووە لەگەڵ دایکی، گاگۆڵەی کردووە و گەیشتووەتە قووتوویەکی پاککەرەوە و سپیکەرەوەکانی نێوماڵ و بەهۆی هەڵمژین و خواردنەوەی گیانی لەدەستداوە. 

بەگوێرەی گوتەکانی تەندروستی گاندیا، گیراوەکە شلەیەکی دژە زیندە و پاککەرەوەی نێو ماڵ بووە کە منداڵەکە خواردوویەتی، هەرچەندە بەخێرایی لەلایەن باوانیەوە گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام نەتواندراوە ژیانی رزگاربکرێت. 

ئێستا دوای لێکۆڵینەوە لەلایەن پزیشكی دادی بۆ هۆکاری مردنەکەی، لە ڤالێنسیا لێکۆڵینەوە لەگەڵ دایکی منداڵەکە دەکرێت بۆ ئەوەی بزاندرێت کە ئایا هیچ بەرپرسیارییەتی دەکەوێت ئەستۆ یاخود نا.