توێژیەنەوەیەک: دەرمانی کێشدابەزاندن ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی جگەر کەمدەکاتەوە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی بایلۆر لە ئەمریکا دەریدەخات، دەرمانەکانی کێشدابەزاندن ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی چەوریی جگەر پەیوەست بە نەخۆشیی شەکرە و قەڵەوی کەمدەکاتەوە. 
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، ئەم دەرمانانە کێشی جەستە، شەکری خوێن و هەوکردن کەم دەکەنەوە بەمەش ئەگەری تووشبوون بە چەوریی جگەر لە بەکارهێنەرانی دەرمانەکانی کێشدابەزاندن بەڕێژەی 14٪ کەمترە.
 
دکتۆر فەسیحە کانوەڵ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''زانیارییە نوێیەکان دەریدەخەن کە بەکارهێنانی دەرمانی شەکرە 'سیماگڵوتاید' پێشگیری لە تووشبوون بە شێرپەنجەی جگەر دەکات''.
 
بەگوێرەی توێژینەوەکە، جگەرێکی تەندروست رێژەی چەوری تەنها 5٪ یاخود کەمترە بەپێی کێش، بەڵام لە کەسانی قەڵەو و تووشبووانی شەکرە دەشێت چەوری جگەر بەرزبێتەوە بۆ ئاستێکی ناتەندروست کە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشی سیرۆزس، شێرپەنجەی جگەر و لەکارکەوتنی جگەر زیاددەکات.