تەندروستیی ژاپۆن: زیاتر لە 95 هەزار هاووڵاتیمان تەمەنیان سەروو 100 ساڵە
رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی ژاپۆن بڵاویکردەوە، 95 هەزار و 119 هاووڵاتی تەمەنیان 100 ساڵ و بەرەو سەرەوەیە کە 90٪ـیان خانمان.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی تەندروستیی ژاپۆن رایگەیاند، تاوەکو رۆژی 1ی ئەیلوولی ئەمساڵ 95 هەزار و 119 هاووڵاتیی ژاپۆن تەمەنیان 100 ساڵ و بەرەو سەر بوو، ئەم ژمارەیەش دوو هەزار و 980 کەسی لە پار زیاترە.
وەزارەتی تەندروستیی ژاپۆن ئاماژەی بەوەش کرد، لەوانەی تەمەنیان 100 ساڵ و بەرەو سەرە، 90٪یان ژنن، واتا ئێستا 83 هەزار و 958 ژن و 11 هەزار و 161 پیاو لەو وڵاتە تەمەنیان 100 ساڵ و زیاترە.
نهێنیی تەمەندرێژیی ژاپۆنییەکان بزانە.
نهێنیی تەمەندرێژیی ژاپۆنییەکان بزانە.
وەزارەتی کاروباری نێوخۆ و گەیاندنی ژاپۆن ئاشکرای کرد، "ئێستا بەساڵاچووەکانی ژاپۆن 29.3٪ـی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنن، ئەمەش ژاپۆن دەخاتە سەرەوەی لیستی 200 وڵات و ناوچە لە زۆریی بەساڵاچوو لە نێو دانیشتوواندا."
لە ئەورووپا؛ هەریەک لە ئیتاڵیا، پۆرتوگال، یۆنان، فینلاند، ئەڵمانیا و کرواتیا لە لیستی یەکەم 10 وڵاتن کە 20٪ و زیاتری دانیشتووانەکەیان بەساڵاچوون.
لە ئاسیا؛ کۆریای باشوور 19.3٪ و چینیش 14.7٪ـی تۆمارکردووە.
ژاپۆن کێشەیەکی گەورەی هەیە، چونکە زۆریی ژمارەی بەساڵاچووان وادەکات دەستی کار و هێزی کار کەمبێتەوە، نرخ و پێداویستیی چاودێری و پزیشکیش بەرزببێتەوە. بەگوێرەی داتاکانی حکومەتی ئەو وڵاتە، ژمارەی دانیشتووانی ژاپۆن 124 ملیۆن کەسە و بەهۆی زۆریی بەساڵاچووەکانەوە، 595 هەزار کەس کەمترە وەک لە ساڵانی پێشوو.
هەر بەگوێرەی وەزارەتی کاروباری ناوخۆ و گەیاندنی ژاپۆن، لە ساڵی 2023ـدا 9.14 ملیۆن بەساڵاچوو لە کەرتە جیاوازەکانی حکومەت دامەزرێنراون، ئەمەش ریکۆردێکی دیکەی وڵاتەکەیە و ئێستا بەساڵاچووەکانی ژاپۆن، 13.5٪ـی هێزی کاری وڵاتە ئاساییەکە پێکدەهێنن، بە واتایەکی دیکە، لە هەموو حەوت فەرمانبەرێک، یەک فەرمانبەر بەساڵاچووە.
حکومەتی ژاپۆن چەندین پڕۆژە و پڕۆگرامی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان رابگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.