چیرۆکی خۆلاوازکردنەوەی گۆرانیبێژێکی ئەمریکی بزانە

رووداو - تەندروستی 

خانمە گۆرانیبێژێکی ئەمریکی چیرۆکی خۆلاوازکردنی ئاشكرادەکات کە نزیکەی 30 کیلۆگرام لە کێشی کەمکردووەتەوە و دەڵێت: ''هیوادارم خەڵک بۆ خۆلاوازکردنەوە پەنا ببەنە بەر رێگەی سرووشتی''.
 
کێڵی کلاکسن، خانمە گۆرانیبێژی ئەمریکیی 42 ساڵان لە نوێترین دەرکەوتنیدا ئاشکرای دەکات، بەبێ بەکارهێنانی دەرمانەکانی کێشدابەزاندن توانیویەتی 27 کیلۆگرام لە کێشی کەمبکاتەوە، تەنانەت ئەو دژی بەکارهێنانی دەرمانەکانی قەڵەوییە.
 
گۆرانیبێژەکە لەلایەن پزیشکەکەیەوە پێی گوتراوە کە ئەگەری تووشبوونی بە شەکرە زۆرە و لە قۆناخی پێش تووشبوونی نەخۆشییەکەیە، هەر بۆیە ترسێک لە دڵی دروستبووە و ئەمەش وایکردووە زیاتر هانبدرێت کە کێشی داببەزێنێت.
 
هەرچەندە بە گوتەی ئەم خانمە گۆرانیبێژە، هیچ دەرمانێکی قەڵەوی بەکارنەهێناوە، بەڵام دەڵێت، دەرمانێکی بۆ کەمکردنەوەی شەکرەکەی بەکارهێناوە و نەشیویستووە ناوەکەی ئاشکرابکات.
 
ئەو دەڵێت: ''خۆلاوازکردنەوەم هەموو رەفتارەکانمی گۆڕی وەکو چالاکیی جەستەم و جووڵە تەنانەت کاری لە گۆرانیگوتنیشم کرد و دەروونیشی باشترکردم''.

 
کێڵی ئاماژەی بە چەند رێگەیەکی کاریگەر کردووە بۆ دابەزاندنی کێشی وەکو؛
 
- وەرزش
- خواردنی سینگی مریشک
- بەکارهێنانی ئاردی بادەم
- خواردنەوەی ئاو
- بایەخدان بە خۆراکە دەوڵەمەند بە پڕۆتینەکان
- ساونا
 
لە کۆتاییدا کێڵی دەڵێت: ''هیوادارم خەڵک بۆ خۆلاوازکردنەوە پەنا ببەنە بەر رێگەی سرووشتی و بایەخ بە وەرزش و خۆراکی تەندروست بدەن.