وەزیری تەندروستیی عێراق: دەستنیشانکردنی خێرا و ورد رێگەی سەرەکیی پاراستنی سەلامەتیی نەخۆشە

رووداو - تەندروستی 

وەزیری تەندروستیی عێراق رایدەگەیێنێت، دەستنیشانکردنی خێرا و وردی نەخۆشییەکان یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکان بۆ پاراستنی نەخۆش و باشتربوونەوەی دۆخەکەی.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی ئەیلوولی 2024 هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی سەلامەتیی نەخۆش، د. ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق لە کۆنفرانسێکدا کە نوێنەری WHO و چەندان کەسی کارگێڕی و تەکنیکیی وەزارەتەکەی لێبوو، رایگەیاند؛ هەوڵی تەواوەتی دەدەن بۆ باشترکردنی کوالێتیی پشکنینەکان تاوەکو وردییان زیاتربێت و بە زوویی چارەسەر بۆ نەخۆشەکان دەستنیشانبکرێن.
 
د. ساڵح مەهدی حەسناوی دەڵێت: بایەخی تەواو بە شێوازەکانی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و کێشە تەندروستییەکان دەدەین، تاوەکو چاودێریی سەرەتایی خەڵک و نەخۆشەکانیش بکەین.
 
لە بەشێکی قسەکانیشیدا گوتی کە گرنگە متمانەی نەخۆش بە پشکنین و چارەسەرەکان بەرزبکرێنەوە بۆ ئەوەی سەلامەتییان هەمیشە پارێزراو بێت.