تەندروستیی سوودان: گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشیی کۆلێرا لە زیادبوونە

رووداو - تەندروستی 

وەزارەتی تەندروستیی سوودان رایدەگەیێنێت، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشیی کۆلێرا بۆ 315 کەس بەرزبووەوە.
 
وەزارەتی تەندروستیی سوودان ئاماژە بەوەدەکات، لەماوەی ئەم هەفتەیە 266 تووشبووی نوێی کۆلێرا تۆمار کراون، بەمەش کۆی گشتیی تووشبووانی کۆلێرا لە مانگی ئابەوە تاوەکو ئێستا بۆ 9 هەزار و 533 تووشبوو بەرزبووەتەوە، لەنێویاندا 315 کەس گیانیانلەدەستداوە. 
 
بەپێی وەزارەتەکە، جیا لە نەخۆشیی کۆلێرا ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی لافاو و بارانبارینەوە لە سەرانسەری سودان گەیشتووەتە 225 کەس و 889 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
بە گوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەران، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 178 هەزار هاووڵاتی سوودانی بەهۆی شەڕ و ململانێ و لافاوەوە ئاوارەی 15 وڵاتی جیاوازی کیشوەری ئەفریقا بوون.