تاقیگەی ناوەندیی هەولێر بۆ رووداو: سەرەتای ئەم مانگە دوو تووشبووی تای خوێنبەربوونمان دەستنیشانکردووە

رووداو - تەندروستی 

سەرچاوەیەک لە تاقیگەی ناوەندیی هەولێر تایبەت بە رووداو دەڵێت: لە سەرەتای ئەم مانگە دوو تووشبووی تای خوێنبەربوونمان لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستنیشانکردووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی ئەیلوولی 2024 کارمەندێکی تاقیگەی ناوەندیی هەولێر بۆ پشکنینە پزیشکییەکان بە رووداوی راگەیاند، لە 8ـی ئەیلوول پشکنینیان بۆ دوو گومانلێکراوی نەخۆشییەکە کردووە و پشتڕاستیان کردووەتەوە کە تووشبوون.
 
هەرچەندە تەندروستیی هەولێر ئەم دوو تووشبووەی بە فەرمی رانەگەیاندووە، بەڵام رووداو زانیویەتی کە هەردووکیان گۆشتفرۆش بوون و بەرکەوتنیشیان بە ئاژەڵەوە هەبووە.
 
خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ
 
- بەکارهێنانی دەستكێش، ماسک و جلوبەرگی تایبەت
- دەستشۆردن 
- نابێت ئەندامانی خێزان کۆببنەوە لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ
- سەرجەم پاشماوەی ئاژەڵی سەربڕدراو بخرێتە نێو کیسی داخراو
- پاکژکردنی چەقۆکان دوای سەربڕین بە دەرمانی دژەبەکتریا و دژەڤایرۆس
- پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕدرێت بە ''فاست''
- دوای سەربڕینی ئاژەڵ 24 کاژێر گۆشت لەنێو بەفرگردا هەڵبگیرێت 
- باشترە گۆشت بکوڵێندرێت 
- بەکارنەهێنانی ئەو ئاژەڵانەی گەنە یاخود مێروویان پێوەیە
 
چۆنیەتیی گواستنەوەی تای خوێنبەربوون 
 
- پێوەدانی مێروویەکی تووشبوو بە نەخۆشییەکە 
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە پاشماوە، گۆشت و ئاژەڵی تووشبوو 
- بەرکەوتن بە شلە و پاشماوەی کەسی تووشبوو 
 
ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان زیاترە 
 
* ئاژەڵدار 
* گۆشتفرۆش
* کرێکارانی سەربڕخانەکان
* پزیشکی ڤێتێرنەری 
* کابانی ماڵەوە 
* بەرکەوتەی کەسی تووشبوو