پسپۆڕێکی هەناو: مەرج نییە هەموو سەرئێشەیەک پێویستی بە دەرمان بێت

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت، مەرج نییە بۆ هەر سەرئێشەیەک پەنا ببرێتە بەر بەکارهێنانی ئازارشکێنەکان و دەڵێت: رەنگە هەندێک دەرمان سەرئێشەکە زیادبکەن.
 
د. نەشوان خۆرانی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو دەڵێت: ''لاسەرئێشە'' کە بە شەقیقە ناسراوە؛ باوترین جۆری سەرئێشەیە و هۆکارەکانی بە دیاریکراوی نەزانراون، هاوکات دەشڵێت: هەر نەخۆشێک تووشی جۆرە سەرئێشەیەکی نامۆ بوو کە لە رابردوودا تووشی نەبووبوو، ئەوا دەبێت سەردانی پزیشک بکات.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا روونی دەکاتەوە، هەموو سەرئێشەیەک پێویستی بە وەرگرتنی دەرمان نییە و زۆرجار بە پشوودان یاخود خەوی رێک دەشێت سەرئێشەکە کەمببێتەوە، تەنانەت دەڵێت: ''زۆرجار زۆربەکارهێنانی دەرمان دەشێت هۆکاربێت بۆ سەرئێشە''.
 
د. نەشوان خۆرانی گوتی، بەشێکی دەرمانی ئازارشکێن هەیە کە نابێت نەخۆش بەبێ راوێژی پزیشک وەریان بگرێت ''کە تائێستا پێنەدانی ئەو جۆرە ئازارشکێنانە کۆنتڕۆڵنەکراوە''، چونکە ئەو جۆرانە ئەگەر بەبێ راوێژی پزیشک بەکاربێن، مەترسیی دەخەنە سەر تەندروستی.
 
لە هەولێر لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕییە جیاوازەکان باسی ئازارشکێنەکان کرا و پسپۆڕان لەسەر ئەوە کۆکن کە پێویستە تاک هۆشیاربێت کە بەبێ رەچەتەی پزیشک و لەخۆڕا، هیچ دەرمانێک و ئازارشکێنێک بەکارنەهێنێت.