تەندروستیی جیهانی: چیدیکە بەهۆی نەخۆشییەکەوە ناوی مەیموون مەزڕێنن

17-08-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) دەیەوێت ناوی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون بگۆڕێت و داوا لە بۆچوونی گشتی دەکات ناوێکی نوێ پێشنیاز بکەن بۆ ئەوەی، بە گوتەی خۆی، چیدیکە ناوی مەیموون نەزڕێنرێت، چونکە ئەو گیانەوەرە رۆڵێکی کەمی لە بڵاوکردنەوەی نەخۆشییە کوشندەکەدا هەیە. 
 
ئەو ئاژانسەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ماوەی چەندین هەفتەیە نیگەرانیی خۆی لە بەرامبەر ئەو ناوە دەربڕیوە، کە لە ئایاری ئەمساڵەوە لە سەرانسەری جیهان بووەتە ناوێکی ناسراو بۆ نەخۆشیێک کە زیاتر لە 98٪ی تووشبووانی هاوڕەگەزخوازن.
 
شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی کە ناونانی نەخۆشییەکە بە ئاوڵەی مەیموون، ناوزڕاندنە دژی ئەو گیانەوەرە، چونکە هەرچەندە سەرەتا ڤایرۆسەکە لە مەیمووندا دۆزراوەتەوە، گیانەوەرەکە رۆڵێکی کەمی لە بڵاوکردنەوەیدا هەیە. ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش پێشانی دەدات کە زۆربەی هەرە زۆری تووشبووان پیاوە هاوڕەگەزخوازەکانن و هەر لەوانیشەوە بۆ کەسانی دیکە بڵاوبووەتەوە. 
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ناوی ئاوڵەی مەیموون دژی ناوبانگی ئەفریقاشە، چونکە ئەو کیشوەرە بە نیشتمانی مەیموون دادەنرێت. 
 
بەم دواییانە لە بەرازیل لە ترسی بڵاوکردنەوەی نەخۆشییەکە، هەندێ کەس هێرشیان کردووەتە سەر مەیموونەکان. فەزیلە شوعەیب، گوتەبێژی رێکخراوە تەندروستیی جیهانی رۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە جنێڤ بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئاوڵەی مەیموونی مرۆڤ لە پێش رێکارە باشەکانی ئێستای ناولێنانی نەخۆشییەکان، ناوەکەی پێدرابوو. ئێمە دەمانەوێت ناوێک بدۆزینەوە کە نەبێتە هۆی ناوزڕاندن."
 
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا خەڵک دەتوانێت لە رێگەی ئەم ماڵپەڕەوە ناوێکی نوێ پێشنیار بکەن: https://icd.who.int/dev11
ئەو ناوە بەهۆی ئەوەوە بە نەخۆشییەکە درا کە لە ساڵی 1958 ڤایرۆسەکە لە ژمارەیەک مەیموون کە تاقیکردنەوەیان لەسەر دەکرا، دۆزرایەوە. بەڵام نەخۆشییەکە تووشی چەند جۆرێکی دیکەی گیانەوەر دەبێت، زۆربەی کاتیش خێزانی قرتێنەرەکان، واتە مشک، جرج، کەروێشک، سمۆرە و ئەوانی دیکە. 
 
لە مرۆڤدا، یەکەمجار نەخۆشییەکە لە ساڵی 1970 لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات دۆزرایەوە، لەو کاتەشەوە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە سنووری وڵاتانی رۆژئاوا و نێوەڕاستی ئەفریقادا مابووەوە.  
 
بەڵام مانگی ئایاری ئەمساڵ، ژمارەیەک تووشبووی نەخۆشییەکە لە سەرانسەری جیهان تۆمارکران، کە بەگوتەی WHO زۆربەیان ئەو پیاوانەن کە سێکسیان لەگەڵ پیاواندا کردووە. 
 
لە نیشانەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە: تا، ئازاری ماسوولکەکان و دەرکەوتنی ئاوڵە لەسەر پێست. 
 
هەرچەندە ڤایرۆسەکە توانای ئەوەی هەیە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە، بەڵام شارەزایانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەخت دەکەنەوە بڵاوبوونەوەی ئەمجارە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ بووە.
 
ئەمڕۆ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، زیاتر لە 34 هەزار تووشبووی نەخۆشییەکە لە 92 وڵات تۆمارکراون. 
 
رێکخراوەکە هەفتەی رابردووش رایگەیاند، کۆمەڵێک لە شارەزاکانی لە کۆبوونەوەیەکدا رێککەوتوون ناوێکی نوێ بۆ ئەو ڤایرۆسە بدۆزنەوە، کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون. 
 
ڤایرۆسەکە دوو گۆڕاوی هەیە، هەردووکیان پێشتر بە ناوی شوێنی جوگرافی دۆزینەوەیان کرابوون، کۆنگۆ و ئەفریقای رۆژئاوا.
 
شارەزایان رێککەوتن کە ژمارەی رۆمانی بەکاربێنن بۆ ناولێنانیان، بەوەش ناوی دوو گۆڕاوەکە گۆڕدرا بۆ گۆڕاوی I و گۆڕاوی II. گۆڕاوێکی دیکە کە لە ئەنجامی بازدانی گۆڕاوی II دروستبووە، ئێستا ناونراوە  گۆڕاوی III کە دەگوترێت لە پشت بڵاوبوونەوەی ئێستای نەخۆشییەکەوەیە بۆ سەرانسەری جیهان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.