رووداو وردەکاریی نەشتەرگەرییەکەی پارێزگاری هەڵەبجە ئاشكرادەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە پارێزگاری هەڵەبجە لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر نەشتەرگەریی دڵی بۆ کرا و ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی کردووە دەڵێت: پێنج خوێنبەریان بۆ چاندووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی تەممووزی 2024 د. هیوا مستەفا، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن و سەرپەرشتیاری تیمی نەشتەرگەرییەکەی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، نەشتەرگەرییەکە سێ کاژێری خایاند و ئێستا دۆخی تەندروستیی پارێزگاری هەڵەبجە جێگیرە.
 
د. هیوا مستەفا، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن دەڵێت: پێنج خوێنبەری دڵیان بۆ ئازاد  تۆفیق چاندووە، چونکە دووچاری گیرانی خوێنبەرەکانی دڵی بووبوو، هەروەها گوتی، ئازاری لای چەپی سینگی هەبووە و بە قەستەرە دەرکەوت کە خوێنبەرەکانی دڵی گیراون.
 
ئەو پسپۆڕە ئاشكرای دەکات، ئەو کەسانەی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییەیان بۆ دەکرێت پێویستە خۆراکی چەور کەمبکەنەوە و بایەخ بە جووڵە و چالاکیی جەستەیی رۆژانەش بدەن، تەنانەت دووربکەونەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ''ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە دۆخی تەندروستیی جێگیرە و ئێستا دەتوانێت بەپێ بڕوات و جووڵەکانی ئاسایی بوونەتەوە، هاوکات لە چەند رۆژی داهاتووشدا نەخۆشخانە بەجێدەهێڵێت''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە