دایک و باوک لە مەترسییەکی جیدیی شاشەکان لەسەر منداڵ هۆشیاردەکرێنەوە؛ ''دەبێتەهۆی ئۆتیزم''

رووداو - تەندروستی 

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەبارەی کاریگەرییەکانی شاشەکان لەسەر رەفتاری منداڵ دەریدەخات، زۆر بەکارهێنانی شاشەکان نیشانەکانی ئۆتیزم و فرەجووڵەیی لە منداڵان زیاددەکات و هەست و سۆزیان کەمدەکاتەوە.
 
لێکۆڵینەوەکە لە زانکۆی باشووری دانیمارک لەسەر 181 منداڵ و نەوجەوانی تەمەن چوار بۆ 17 ساڵ کرا و دەرکەوت، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی شاشەکان {هەفتانە تەنیا سێ کاژێر} رەفتار و دەروونیان باشتر دەکات، بەجۆرێک هەستی سۆزدارییان بەهێزتر و جەستەیان چالاکتر بوو.
 
جێسپەر سکیمت، سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوەکە دەڵێت: ''ئەو منداڵانەی هەفتانە زیاتر لە سێ کاژێر شاشەکان بەکاردەهێنن، هەستی سۆزداری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان لاواز دەبێت''.
 
تەنانەت دەشڵێت: کاریگەریی نەرێنیی شاشەکان لە منداڵانی بچووکدا زۆر زیاترە و لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنیشدا لێکەوتەکانی دەردەکەون.
 
پسپۆڕانی زانکۆی دراکسێل پشتڕاستی دەکەنەوە، ئەو منداڵ و نەوجەوانانەی کاتێکی زۆر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردەهێنن، ئەگەری تێکچوونە دەروونی و دەمارییەکانیان زۆرە وەکو 'ئۆتیزم، کەمیی سەرنج و فرەجووڵەیی ADHD'.
 
پسپۆڕێكی منداڵان لە بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس دا دەڵێت: ''منداڵ لە دوو ساڵی یەکەمی تەمەنی نابێت یەک خولەکیش سەیری مۆبایل، ئایپاد و تیڤی بکات''.