توێژینەوەیەک: یۆگا ئازاری هەوکردنی جومگەکان کەمدەکاتەوە

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە پەیمانگەی زانستە تەندروستییەکان لە هیندستان دەریدەخات، ئەنجامدانی یۆگا جومگەکان تەندروستتر دەکات و کوالێتیی ژیان بەرزدەکاتەوە. 
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، یۆگا هەوکردن کەمدەکاتەوە بە کۆنتڕۆڵکردنی تێکچوونی خانەکان و هاوسەنگکردنی دژە هەوکردنەکان هەروەها زێدەچالاکیی بەرگریی جەستە دەوەستێنێت. 
 
د. ریما دادا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''ئەنجامدانی یۆگا دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی هەستکردن بە ئازاری جومگەکان، باشترکردنی جووڵەی جومگەکان و کوالێتیی ژیان بە گشتی باشتر دەکات''. 
 
بەگوێرەی توێژینەوەکە، یۆگا هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی نییە و یارمەتیدەرێکی سرووشتییە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری ئەم نەخۆشییە.
 
بە گوێرەی مایۆکلینیک، هەوکردنی جومگەکانی نەخۆشییەکی درێژخایەنە و دەبێتە هۆی ئازار، ئاوسان و رەقبوونی جومگەکان کە زیاتر لە دەست و پێ و مەچەکەکان دەردەکەوێت.