لە بەریتانیا بە تەکنۆلۆژیایەکی نوێ ''شێوەیەکی نەبینراوی دڵ'' ئاشکرادەکرێت

رووداو - تەندروستی 

لە بەریتانیا بۆ یەکەمجار تەکنۆلۆژیایەکی نوێ بۆ وێنەگرتنی سێدووریی دڵ بەکاردەهێندرێت کە هەموو پێکهاتەکانی دڵ بە روونی دیارن.
 
توێژەرانی زانکۆی کۆلێژی لەندەن تەکنۆلۆژیایەکی سێ رەهەندییان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی پێکهاتەکانی دڵ بە وردی بزانن و پڕۆفیسۆرێک دەڵێت: رێگەمان پێدەدات ئەو شتانە ببینین کە پێشتر نەماندەتوانی بیانبینین.
 
پڕۆفیسۆر ئاندریو کووک، پسپۆڕی توێکاری لە زانکۆی کۆلێژی لەندەن UCL گوتی، ''ئەمە ئەو تەکنیکە بوو کە چەندین ساڵە چاوەڕێمان کرد. جۆرێکی نوێی وێنەی سێ رەهەندییە و ئێستا تەنیا بۆ توێژینەوە بەکاردێت''.
 
ئەم تەکنۆلۆژیایە ناوی 'HiP-CT'ـە و ناونراوە ''گووگڵ ئێرث'' بۆ دڵی مرۆڤ واتە نەخشەی گووگڵی دڵی مرۆڤ، کە توانای هەیە تەنکیی 20 مایکرۆمەتر بۆ پێکهاتەکانی دڵ جیابکاتەوە کە نیوەی پانیی قژی مرۆڤێکە.
 
پڕۆفیسۆر پیتەر لیی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە UCL دەڵێت: ''لەسەر هەشت ئەندامی سەرەکی تاقیمان کردووەتەوە. ئەم تەکنیکە لەسەر دڵ بە روونی دەرکەوتووە و هەموو پێکهاتە وردەکانی ئاشکراکردووە''.
 
هەروەها ئەوەش باسدەکات کە ئێستا بەکاریدەهێنن بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجە لە هەردوو نموونەی شێرپەنجەی مەمک و پڕۆستات.
 
بەپێی پسپۆڕانی دڵ لە زانکۆکە، ئێستا تەکنیکەکانی وێنەگرتنی سۆنەر، سی تی سکان و ئێم ئاڕ ئای بەکاردەهێنرێن بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، هیچ کام لەمانە زانیاریی ورد نادەن لەسەر پێکهاتەکانی دڵ.
 
هەربۆیە تەکنۆلۆژیای HiP-CT دەتوانێت ئومێدێک بێت بۆ باشتربوونی چارەسەری نەخۆشی و ئەنجامەکانی نەشتەرگەرییەکانی دڵ.