پسپۆڕێکی دڵ: 90٪ـی تووشبوون بە بەرزە پەستانی خوێن هۆکارەکەی نەزانراوە

17-05-2023
شکار رێبوار
دکتۆر کەمال محەممەد. وێنە: رووداو
دکتۆر کەمال محەممەد. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی بەرزە پەستانی خوێندا پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ دەڵێت، ''نەخۆشیی بەرزە پەستانی خوێن چارەسەر ناکرێت، بەڵکو کۆنتڕۆڵدەکرێت، بەمەش کاریگەرییە مەترسیدارەکانی کەم دەبنەوە.''  
 
رۆژی چوارشەممە 17-5-2023 لە بووڵتەنی نوورۆژدا دکتۆر کەمال محەممەد بە رووداوی راگەیاند، تووشبووانی بەرزە پەستانی خوێن زۆرجار نیشانەیان نییە و لە پشکنیندا نەخۆشییەکە دەردەکەوێت، بەڵام نزمبوونەوەی پەستانی خوێن پێچەوانەی بەرزبوونەوەی، نیشانەی هەیە و هەستی پێدەکرێت.    
 
دکتۆر کەمال محەممەد گوتیشی، وشکبوونەوەی جەستە و خوێنبەربوون دوو دۆخی باون بۆ دابەزینی بەردەوامیی پەستانی خوێن، بەڵام بەرزە پەستانی خوێن کێشەیەکی زیاتر بۆ مرۆڤ دروستدەکات بەوەی کە کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر ئەندامەکانی جەستە دەبێت. 
 
بە گوتەی دکتۆر محەممەد، هەموو کەسێک لە تەمەنی جیاوازدا دەشێت تووشی بەرزە پەستانی خوێن بێت، بەڵام لە تەمەنی بچووکدا کەمترە و زیاتر هۆکاری سکماکی یاخود ناڕێکیی کوێرەڕژێنەکانە. 
 
دکتۆر کەمال محەممەد دەڵێت، 90٪ـی ئەوانەی نەخۆشیی بەرزە پەستانی خوێنیان هەیە لە جۆریی سەرەتاییە واتە هۆکارەکەی دیار نییە کە زیاتر لە تەمەنی 35 تاوەکو 55 ساڵی تووشی تاک دەبێت، بەڵام جۆرەکەی دیکەی پەستانی خوێن کە دەشێت بەهۆی 'سستبوونی گورچیلە، ناڕێکیی کوێرەڕژێنەکان، دووگیانبوون و قەڵەوی' تووشی تاک بێت پێی دەگوترێت جۆری دووەمی.
 
نەخۆشییەکە پێی دەگوترێت ''بکوژی بێدەنگ''. پسپۆڕەکەش هۆکارەکەی رووندەکاتەوە و دەڵێت: ''زۆرجار بەرزە پەستانی خوێن نیشانەی نییە و تووشبوو هەستی پێناکات، بەڵام کاتێک کەسەکە پشکنین بۆ مەبەستێکی دیکە یاخود نەشتەرگەری دەکات دەردەکەوێت کە تووشبووە.''
 
دکتۆر کەمال گوتیشی، سەرئێشە پێوەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن نییە، چونکە 75٪ـی ئەوانەی پەستانی خوێنیان هەیە تووشی سەرئێشە نابن، هۆشداریش دەداتە هاووڵاتییان و دەڵێت: "مەرج نییە ئەگەر کەسێک پەستانی خوێنی بەرزبوو بە ماوەیەکی کەم نزم ببێتەوە، جگە لە هەندێک بارودۆخی تایبەت کە لە نەخۆشخانەکان جێبەجێدەکرێن.'' 
 
سەبارەت بە ئامێرەکانی پێوانەکردنی پەستانی خوێن، پسپۆڕەکە ئاماژەیان پێ دەکات و دەڵێت، ئامێرە جیوەییەکان وردتر و باشترن، بەڵام بۆ ماڵان ناگونجێن، چونکە جیوە ژەهراوییە و کاریگەریی مەترسیداری هەیە.
 
هاوکات لەبارەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە دەشڵێت، "لە پێوانەکردندا وردن، بەڵام ئەگەر بەرنامە یان پاترییەکەیان لاوازبوون، ئەوا ئەنجامەکە بەهەڵە دەخوێننەوە؛ بۆیە پێویستە ئەوانەی ئەو ئامێرانە بەکاردەهێنن هەندێک جار پشکنین بە ئامێرە جیوەییەکە بکەن لەپێناو بەراوردکردن و دڵنیایی لە ئەنجامەکان.''
 
لە کۆتاییدا پسپۆڕەکە باشترکردنی شێوازی ژیان بە رێگەیەکی کاریگەر بۆ پێشگیریکردن لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دادەنێت و دەڵێت: 'کێشڕێکی، وەرزش، دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە، کەمکردنەوەی خۆراکە سوێرەکان' رێگەی کاریگەرن بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە بەرزە پەستانی خوێن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە