لە ئوسترالیا نۆرینگەیەکی گەڕۆک بۆ پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان دادەنرێت

17-05-2023
شکار رێبوار
نۆرینگە گەڕۆکەکەی شاری سیدنی. وێنە: Pittwater News
نۆرینگە گەڕۆکەکەی شاری سیدنی. وێنە: Pittwater News
A+ A-
رووداو - تەندروستی

دوو پزیشکی ڤێتێرنەری نۆرینگەیەکی گەڕۆک بۆ چارەسەریی ئاژەڵە کێوییەکان لە شاری سیدنی دادەنێن و ئامانجیانە تەندروستیی ئاژەڵە کێوییەکانی ئوسترالیا بپارێزن.  
 
ئیزیدۆرا پزیشکێکی ڤێتێرنەرییە و پشکنین بۆ مارێکی ژەهراوی دووگیان دەکات، بۆئەوەی لە تەندروستیی بێچووەکەی سکی بکۆڵێتەوە، هەروەها دەڵێت: ''بە دڵنیاییەوە ئاژەڵێکی زۆر دەبینین کە لەئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤ برینداردەبن، جا راستەوخۆ بەهۆی بەرکەوتن بە ئۆتۆمبێل بێت، یاخود ئازاردانیان لەلایەن سەگ، پشیلە، ماسیگرتن و داونانەوە بێت، ئەمە ئەو شتانەیە کە زۆر دەیانبینین.''
 
نۆرینگە گەڕۆکەکە چەندین پشکنینی جیاوازی تێدایە و تەنانەت خاوەنی ئاژەڵە ماڵییەکانیش دێن بۆ چارەسەری ئاژەڵەکانیان.
 
بە گوێرەی دەزگای ژینگەی وڵاتەکە، پار زیاتر لە 90 هەزار ئاژەڵی کێویی بریندار و نەخۆش چارەسەرکراون و سیدنی وەکو گەورەترین شاری ئوسترالیا، بەوە بەناوبانگە کە ئاژەڵەکێوییەکانی وەکو شەمشەمە کوێرە، مشک، جرج، کەنگەر، کوالا و ژووژکی تێدا دەژین. 
 
لینلیگ گریگ، پزیشکی ڤێتێرنەریی نۆرینگەکەیە و دەڵێت: ئەگەر ئاژەڵە کێوییەکان پێویستیان بە بەکارهێنانی برینپێچ و دەرمانەکان و شتی لەو جۆرە هەبێت، ئەوا پارەیەکی زۆریان تێدەچێت و ناتوانرێ هیچکامیان دەستەبەربکرێن و سوودیان لێوەربگیرێ، بۆیە ئێمە بیرمان لەوە کردەوە، ئەگەر نەخۆشخانەیەکمان هەبێت کە تەنیا بۆ ئاژەڵە کێوییەکان بێت، دەتوانین هەموو ئەو تێچوونانە دابینبکەین."
 
رێکخراوەکانی مافی ئاژەڵان لە وڵاتەکە هەوڵدەدەن ئاژەڵە کێوییەکان لە پێناو سیستمێکی ژینگەیی هاوسەنگ لە وڵاتەکە بپارێزن، چونکە ئوسترالیا بە ئاژەڵە کێوییەکانییەوە بەنێوبانگە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە