بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: 260 جۆر دەرمان و کەرەستەی پزیشکی بەرهەم دەهێنین

17-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای فەرمیی سەر بە حکومەتی عێراقە بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان، پار نزیکەی 40 ملیار دینار فرۆشی هەبووە. گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق دەڵێت، کۆمپانیایەکی دیکە لە نەینەوا دادەمەزرێنن و ویستی بە جیهانیکردنی دەرمانی عێراقیان هەیە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، محەممەد عەبدولقادر نعێمی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕای سەر بە وەزارەتی پیشەسازیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا کۆمپانیاکەمان 260 جۆر دەرمان و کەرەستەی پزیشکی بەرهەم دەهێنێت. لە هەوڵی فراوانکردنی بازنەی بەرهەمەکانمانداین. ئەم ساڵ 29 دەرمانی نوێمان بەرهەمهێناون کە بەشێکیان دەرمانی پێشکەوتووی چارەسەرکردنی شەکرە و جەڵتەن."
 
محەممەد نعێمی دەڵێت: "داهاتمان لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 39 ملیار دینار بووە، بریکارمان لە هەرێمی کوردستانیش هەیە و ساڵانە بایی زیاتر لە 5 ملیار دینار دەرمان و کەرەستەی پزیشکی رەوانەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکەین، نرخەکانیشمان گونجاون و رەچاوی دۆخی هاووڵاتییان کراوە."
 
لەبارەی هەناردەکردنی دەرمان بۆ دەرەوەی وڵات، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا گوتی: "تاوەکو ئێستا تواناکانمان تەنیا بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی نێوخۆییە، بەڵام هەنگاوەکان دەستیانپێکردووە بۆ بەهێزکردنی توانای بەرهەمهێنان بۆئەوەی بتوانین هەناردەمان هەبێت."
 
هاوکات زوحا جبووری، گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "دەمانەوێت کەرتی دەرمانی عێراق بگەیێنینە ئاستی جیهانی، بۆیە دەست بە دامەزراندنی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی دەرمانی نەینەوا کراوە، کە بەهۆی شەڕی داعشەوە کارەکانی راگیرابوو. لە رێگەی ئەو کۆمپانیا نوێیەوە، دەتوانین بەرهەمهێنان بەرزتر بکەینەوە و هەوڵ بۆ بەجیهانیکردنی دەرمانی عێراق بدەین."
 
بە گوێرەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی پیشەسازی، "لە نەینەوا کارگەی بەرهەمهێنانی ژیناو هەیە کە تەنیا لە سێ مانگی ئەم ساڵدا زیاتر لە 900 هەزار دانە ژیناوی بەرهەمهێناوە. ئەوە جگە لە دەستبەکاربوونی کارگەی بەرهەمهێنانی دەزووی نەشتەرگەری و لە نێوەڕاستی ئەم ساڵیشدا، هەمان کارگە پەمپ(بەخاخ)ـی رەبۆ بەرهەم دەهێنێت."
 
سەبارەت بە دەرمانە ڤێتێرنەرییەکان، زوحا جبووری گوتی: "هاوئاهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ هەیە. کارگەی تارق کە مادە قڕکەرەکان بەرهەم دەهێنێت، تێکەڵی کۆمپانیای سامەڕا کراوە و ئەمەش رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ فراوانکردنی بەرهەمی دەرمانە کشتوکاڵییەکان."
 
کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا لە ساڵی 1965 دامەزراوە و لە ساڵی 1970 دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە. 
 
ئەو کۆمپانیایە خاوەنی 8 بڕوانامەی جیهانییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو کۆندۆم. وێنە: Upstream USA

WHO: بەکارهێنانی کۆندۆم باشترین رێگەی پێشگیریکردنە لە دووگیانبوون

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاویکردووەتەوە، بەکارهێنانی کۆندۆم رێگەی سەرەکییە بۆ رێگریکردن لە نەخۆشییە گوازراوەکان و باشترین رێگەی پێشگیریکردنیشە لە دووگیانبوون.