رووداو - تەندروستی
قەزای ئامێدی زیاتر لە 150 هەزار نیشتەجێی تێدایە، تەنیا پزیشکێکی ددان لە کەرتی حکومی هەیە، بەڵام چوار مانگە مۆڵەتە.
لە نەخۆشخانەی گشتیی قەزای ئامێدی یەک پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەم و ددان هەیە، بەڵام زیاتر لە چوار مانگە بەهۆی وەرگرتنی مۆڵەتەوە نەهاتووەتە نۆرینگە حکومییەکەی و ئێستا قەزاکە بێ پزیشکی ددانە.
دیندار ئەحمەد، دانیشتووی ئامێدی شەش رۆژە بەهۆی ئازاری ددانییەوە سەردانی نەخۆشخانەی گشتیی ئامێدی دەکات، بەڵام بەهۆی نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ چارەسەری بۆ نەکراوە و دەڵێت: ''زۆر پێویستمان بە پزیشکی پسپۆڕی ددان هەیە''.
شەریف ئامێدی، دانیشتوویێکی دیکەی قەزاکەیە و دەڵێت: ''ماوەیەک بەر لە ئێستا وەزیر بەڵینی ئەوەی پێداین کە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەسەر نەبووە و هێشتا چاوەڕێین''.
لە قەزای ئامێدی 22 بنکەی تەندروستی و نەخۆشخانەیەکی گشتی هەن، هاوکات 700 پزیشکیش لەو سنوورە تۆمارکراون، بەڵام تەنیا 120ـیان دامەزراون.
ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک تایبەت بە رووداو گوتی، دوای 2014 هیچ پزیشكێکی ددان دانەمەزراوە و پێویستە بودجەی تایبەت دابینبکرێت، تاوەکو بتواندرێت دامەزراندن دەستپێبکات، تەنانەت گوتی، پێویستیان بە پزیشکی ددان، دەرمانساز و کارمەندی تەندروستیش هەیە.
زیاتر لە 150 هەزار کەس لە قەزای ئامێدی دەژین، بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی، پێویستە بۆ هەر 100 هەزار کەسێک 250 پزیشک هەبن.
لەم بارەیەوە لقی دهۆکی سەندیکای پزیشکانی ددان بە رووداوی راگەیاند، کێشەی دامەزراندنیان لەو دەڤەرە هەیە و لە سنووری پارێزگای دهۆک 105 پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەم و ددان هەن، کە ئەمە رێژەیەکی یەکجار کەمە بەراورد بە دانیشتووانی ئەو سنوورە.
د. سەعید عەلی، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای پزیشکانی ددانی کوردستان گوتی، جگە لە دانەمەزراندنی پزیشکانی ددان لە 2014ـەوە، بەشێکی زۆر لە پزیشکە دامەزراوەکانیش دەستیان بە خوێندن کردووە و لە نەخۆشخانەکانی قەزاکان نەماون، ئەمەش وایکردووە لە قەزایەکی وەکو ئامێدی تەنیا یەک پزیشکی ددان لە کەرتی حکومی هەبێت، بەڵام ئەویش ئێستا مۆڵەتی دایکایەتی وەرگرتووە، بۆیە هیچ پزیشکێکی ددان لە کەرتی حکومی لە ئامێدی نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ