وازهێنان لە جگەرەکێشان یارمەتیدەرە لە باشتربوونی لایەنی دەروونی

رووداو- دیجیتاڵ

بەرئەنجامی چەندین توێژینەوەیی زانستی دەریانخستووە وازهێنان لە جگەرەکێشان یارمەتیدەرە لە باشتربوونی لایەنی دەروونی.


لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا، ساڵانە زیاتر لە 480 هەزار کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی جگەرەوە گیانلەدەستدەدەن، گروپێکی توێژەرانیش لێکۆڵینەوەیان لەبارەی کاریگەرییەکانی جگەرە لەسەر لایەنی دەروونی کردووە.

د. جێما تایلۆر، پزیشکی نەخۆشییە دەروونییەکان و سەرپەرشتیاری تیمە پزیشکییەکە دەڵێت، جگەرەکێشەکان زۆربەی جار کاتێک هەست بە خەمۆکی دەکەن جگەرە دەکێشن چونکە پێیانوایە جگەرە میزاجیان باشتردەکات، بەڵام دەبێت بزانن کە ئەم کاریگەرییە کورتخایەنە. جگەرە کاریگەریی خراپتری لەسەر دەروونی مرۆڤ هەیە نەک باشتری بکات.

پزیشکان لە توێژینەوەکەدا بۆیان دەرکەوتووە ئەوانەی واز لە جگەرەکێشان دەهێنن، لەماوەی چەند هەفتەیەکدا هەست بە باشتربوونی لایەنی دەروونیان دەکەن.

لەبارەی هۆکاری ئەمەش، پزیشکان دەڵێن کاتێک کەسێک جگەرەدەکێشێت، 10 بۆ 20 چرکەی دەوێت تاوەکو نیکۆتینی نێو جگەرە دەگاتە مێشک و سەرەنجام دۆپامین لە مێشک دەردەدرێت و کەسەکە میزاجی باش دەبێت، گوشاری دەروونی کەمدەبێتەوە و هەست بە ئارامی دەکات، بەڵام ئەم کاریگەرییانەی نیکۆتین هەر زوو نامێنن و کەسەکە دووبارە خەمۆک دەبێتەوە و گوشاری دەروونی تووش دەبێت، بۆیە دووبارەی دەست بە جگەرەکێشان دەکاتەوە، واتە وەک بازنەیەکی لێدێت.

توێژینەوەکان دەمێکە ئەوەیان خستووەتەڕوو کە جگەرەکێشان مرۆڤ تووشی خەمۆکی دەکات.