لە سوێد پزیشکێکی کورد توێژینەوە لەسەر 18 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی هەڵەبجە دەکات


رووداو دیجیتاڵ

پزیشکێکی کورد کە ساڵانێکی زۆرە کار لەسەر بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەکات، لە نوێترین کاری دا توێژینەوە لەسەر 18 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی هەڵەبجە دەکات و توێژینەوەکانی لە رۆژنامە زانستییە ئەکادیمییەکاندا زۆر بایەخیان پێدەدرێت.
 
فەرەیدوون مورادی، پزیشک و توێژەرە. لە توێژینەوەکەیدا دەیەوێت بگاتە ئەو ئەنجامەی کە کاریگەریی کیمیابارانی هەڵەبجە لەسەر ئەو رزگاربووانەی لە سوێد دەژین چییە. توێژینەوەکانی ئەو پزیشکە کوردە جێگەی سەرنجە، چونکە دەریخستووە 30 ساڵ دوای ئەو رووداوە، کاریگەرییە دەروونییەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەسەر رزگاربووانی هێندە گەورەیە کە مەزەندە ناکرێت وابێت.
 
فەرەیدوون مورادی میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، ئەو 18 کەسەی توێژینەوەکەیان لەسەر کراوە بەرکەوتووی چەکی کیمیایین و گوتی، "جگە لەو 18 کەسە چەند بەرکەوتوویەکی دیکەی چەکی کیمیایی لە سنە و بادینانیش توێژینەوەیان لەسەر کراوە، بەڵام بەربەستی بەردەم توێژینەوەکەمان ئەوەیە کە بەشێک لەو بەرکەوتووانە ئامادەنین توێژینەوەیان لەسەر بکەین".
 
ئەو پزیشک و توێژەرە کوردە گوتیشی، "توێژینەوەکە لە زانکۆی یۆتۆبۆری لە سوێد ئەنجامدراوە و دەرکەوت دوای 30 ساڵ کاریگەریی دەروونیان لەسەر ماوە" هەروەها گلەیی ئەوەیشی کرد کە لە سوێد و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا یارمەتییەکی تایبەت بە بەرکەوتووانی چەکی کیمایی نییە.
 
فەرەیدوون مورادی باسی کاردانەوەی توێژینەوەکەی کرد و دەڵێت، "توێژینەوەکەمان بە 29 زمانی جیاواز بڵاوکراوەتەوە و لە دەیان کەناڵی راگەیاندن پەخشکراوە و هەروەها 900 جار داونڵۆد کراوە".